ئاگرێكی گەورە زانكۆی مووسڵ دەگرێتەوە
(0) /
ڕوانگە - سەرۆكی زانكۆی مووسڵ رای گەیاند كە لە ئێوارەی دوێنێوە تا نیوەشەو، ئاگرێكی گەورە ناوەندی زانكۆكەی گرتەوە و لە رووبەری 400 دۆنم زەوی، نزیكەی 50 دۆنمی زانكۆكە سووتاون.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 11ی حوزیران بڵاوی كردووەتەوە، قوسەی ئەحمەدی سەرۆكی زانكۆی مووسڵ، لە لێدوانێكدا بۆ پێگەكە رای گەیاند، سەرلە ئێوارەی دوێنێ، ئاگرێكی گەورە ناوەندی زانكۆكەی گرتەوە، بە هەوڵی تیمەكانی بەرگریی شارستانی، توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكرێ كە تا نیوەشەو بەردەوام بوو.
سەرۆكی زانكۆی مووسڵ زیاتر گوتی، لە رووبەری 400 دۆنم زەویی زانكۆكە، زیاتر لە 46 دۆنم كە پووشێكی زۆری لێ بوو، ئاگری گرت و جیا لە تیمەكانی بەرگریی شارستانیی پارێزگاكە، چەندان لایەنی تر وەك بەڕێوەبەرایەتیی ئاو خەریكی كوژاندنەوەی ئاگرەكە بوون كە تا نیوەشەو بەردەوام بوو.
قوسەی ئەحمەدی ئەوەشی گوت، بەپێی ئەوەی لەڕێی كامێراكانی چاودێرییەوە دەركەوتووە، شۆرتی كارەبا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بووە كە محەویلەیەك بەهۆی رەشەباوە كەوتووە و ئەو كارەساتەی لێ دروست بووە. وێڕای ئەوەیش لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە دەكرێت.
تا ئێستە دیار نییە زیانەكانی ئاگرەكە بۆ زانكۆكە چی بووە و سەرۆكی زانكۆكە دەڵێ، دواتر زیانەكانی دەخەمڵێنین.
تێبينيێك بنێرە: