دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون: حکومەتی عێراق پێویستی بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگە ئاسۆ فەریدون کوردستان نەوت


Jun 12, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق پێویستی بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، بەو پێیەی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی ڕێکخراوی ئۆپیک بۆی دیاریکردوە ئێستا هەناردەی دەکات.

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئۆپیک دو ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ عێراق دیاریکردوە تا بۆ ناردنە دەرەوە و لەناوخۆ بەکاری بهێنێت، ئێستا عێراق ئەو بڕە نەوتە بەرهەم دەهێنێت و پێویستی بە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم نییە."

وتیشی"ئەگەر عێراق نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکات کێشەی بۆ دروست دەبێت، دەبێت ناردنە دەرەوەی نەوتی ناوچەکانی تر کەمبکاتەوە، لەکاتێکدا نەوتی ناوچەکانی تر بەراورد بە نەوتی هەرێم نرخەکەی گرانترەو ناردنە دەرەوەشی ئاسانترە."

لە کۆتایی مانگی سێی ساڵی 2023ەوە، ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی ژوری پاریسی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سکاڵایەکی عێراقی لە دژی تورکیا سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی پێشوی نێوانیان یەکلایی کردەوە و بڕیاریدا بە نایاسایی بونی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم بە بێ ڕەزامەندی عێراق.

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵێک و دو مانگ بەسەر ڕاگرتنی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە، هێشتا دەست بە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم نەکراوەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ کێشەی نێوان عێراق و ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی پێشتر گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەبوە لەسەر نرخی دەرهێنانی نەوت دەگێڕدرێتەوە.

لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆكانی وەفدی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانی وەفدەکەی هەرێم بۆ بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم ڕێک نەکەوتون، چونکە کۆمپانیا نەوتییەکان داوای نزیکەی 25 دۆلار دەکەن بۆ دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت، لەکاتێکدا لایەنی وەزارەتی نەوتی عێراق داوایانکردوە کۆمپانیا نەوتییەکان بەرمیلێک نەوت بە 6 دۆلار دەربهێنن تا ئەوکاتەی لەگەڵ هەرێم ڕێکدەکەون."

سەرچاوەکە وتی"ڕاوێژکارەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە هەتا ڕادەیەک ڕازی بون کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بەرمیلێک نەوت بەنزیکەی 20 دۆلار بەرهەم بهێنن، بەڵام شارەزا تەکنییەکانی ناو وەزارەتی نەوتی عێراق بەمە ڕازی نین."

لە ئێستادا کە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە ناکرێت، ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی گرێبەستییان لەگەڵ هەرێم هەیە بەردەوامن لە دەرهێنانی نەوت بەڕێژەیەکی کەمتر لە جاران و نەوتی دەرهێنراو لە ناوخۆدا ساغ دەکەنەوە.

لای خۆیەوە دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی لیژنەی کاروباری وزە لە پەرلەمانی عێراق وتی، "بەڵێ ڕاستە وەفدی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە ئامادەبونی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم ڕێک نەکەوتون."

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکاتەی سەربەخۆیانە نەوتەکەی هەناردەی دەرەوە دەکرد و دەیفرۆشت، ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرد. هەروەها ڕۆژانە 75 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکیش هەر لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە هەناردەی دەرەوە دەکرا.

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون وتی"نەوتی هەرێم لە ناوچەی شاخاوی دەردەهێنرێت، لەکاتێکدا نەوتی بەسرە و خواروی عێراق لەناوچەی دەشتایی دەردەهێنرێت، بۆیە کواڵێتی نەوتی ناوچەی دەشتایی باشترە و هەناردەکردنیشی ئاسانترە."

هەروەها وتیشی، "نرخی دەرهێنانی نەوت لە ناوچەی شاخاوی گرانترە لەناوچەی دەشتایی، بۆیە عێراق خۆشی ناتوانێت بە نرخی نەوتی بەسرە، نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەربهێنێت. پاشان نەوتی یەدەگی عێراق زۆر زیاترە لە یەدەگی نەوتی هەرێم ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی دەرهێنانی نەوت هەیە و کەمی یەدەگی نەوتی هەرێم وادەکات کۆمپانیاکان گرانتر نەوت بەرهەم بهێنن."

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، حکومەتی عێراق سەرپەرشتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دەکات و عێراق پابەندە بە دابینکردنی پشکە بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردوە هەرێم جارێ گرفتی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتەکەی نەبێت.

دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون وتیشی"دۆسیەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و ناردنی موچەی موچەخۆران دو دۆسییەی جیاوازن، گەر نەوتی هەرێم هەناردەش نەکرێت عێراق موچە ڕەوانە دەکات."