ئێران؛ بە بۆنەی جەژنەوە بڕیاری لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزا بۆ ژمارەیەک زیندانی دەرکرا

(0) / / ئاسیا / ڕوانگە ئێران ئایەتوڵڵا خامنەیی


Jun 17, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - ناوەندی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی حوزەیرانی 2024، لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی،رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران،بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە بڕیاری لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزای بۆ دوو هەزار و 654 زیندانی دەرکردووە.

ئەمڕۆ لە  ئێران  یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربانە. ناوەندی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕێبەری باڵای  کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی حوزەیرانی 2024، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە بڕیاری لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزای بۆ دوو هەزار و 654 زیندانی دەرکردووە.
 
بە بڕیاری ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، زیاتر لە دوو هەزار و 600 کەس لە زیندانیانی ئەو وڵاتە بەر لێبووردنی گشتی و کەمکردنەوەی سزا کەوتن و سزای لەسێدارەدانی 29 کەسیش هەڵوەشێندرایەوە.
 
هاوکات، ئاژانسی میزان، میدیای فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، دۆسیەی ئەو کەسانە لە لیژنەی لێبووردن و کەمکردنەوەی سزای دەسەڵاتی دادەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە و دوای پەسندکردنی لە لایەن غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادەوە بۆ نووسینگەی ئایەتوڵڵا  عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران نێردراوە. 
 
سادق رەحیمی، جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێرانیش ئەمڕۆ رایگەیاند، دوای ناردنی لیستی ناوی زیندانیان،  ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رەزامەندی لەسەر کەمکردنەوە، گۆڕینی سزا و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی داوە.
 
سادق رەحیمی ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی بڕیارەکە هەزار و 38 کەس لە زیندان ئازاد دەکرێن و دۆسیەکانیان بە تەواوی دادەخرێت، هەزار و 616 کەسی دیکەش سزاکانیان کەم دەکرێتەوە. 
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران، سزای لەسێدارەدانی 29 کەسیش هەڵدەوەشێتەوە و سزاکەیان بە زیندانیکردن دەگۆڕدرێت.