كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن: كاتی ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نادیارە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە نەوت شێخان گۆڵف کیستۆن


Jun 22, 2024

قەبارەی فۆنت:

كۆمپانیای گۆڵف كیستۆن ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە بەرهەم و داهاتەكانی ‏نەوت لە كێڵگەی شێخان لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بڵاو كردەوە. ‏كۆمپانیاكە لە باشترین حاڵەتدا یەك بەرمیل نەوتی بە 28 دۆلار لە بازاڕی ‏ناوخۆدا فرۆشتووە، لە كاتێكدا نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا 85 ‏دۆلارە. گۆڵف كیستۆن باسی كۆبوونەوەكەی بەغداد و مەرجەكانی بۆ ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەكات.‏

بەهۆی بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، ‏كۆمپانیا بیانییەكان كە بەپێی گرێبەستەكانیان پشكیان لە نەوتی هەرێمدا ‏هەیە، ئەو نەوتەی بەرهەمی دەهێنن لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمدا ‏دەیفرۆشن.‏

كۆمپانیای گۆڵف كیستۆنی بەریتانی كە یەكێكە لە كۆمپانیا ‏بەرهەمهێنەكانی نەوتی هەرێم، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا بڵاوی كردەوە، لە ‏‏"دوو ناوچەی بەرهەمهێنان" لە كێڵگەی نەوتی شێخان، ماوەی 520 ڕۆژە ‏بە بەردەوامی لە حەوت ڕۆژی هەفتەدا نەوت بە تانەكەرەكان دەدات بۆ ‏ساغكردنەوەی لە بازاڕی ناوخۆدا.‏

بەپێی ڕاپۆرتەكە، كۆمپانیاكە لە ساڵی 2024دا تا 19ی حوزەیران، تێكڕای ‏فرۆشتنی نەوتی بۆ هەر ڕۆژێك "38 هەزار 700 بەرمیل" بووە، كە ‏زۆرینەی بە 27 دۆلار فرۆشراوە، بەڵام بەمدواییانە هەر بەرمیلێكی بۆ ‏‏"28" دۆلار بەرز بووەتەوە.‏

كۆمپانیا بەریتانییەكە ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی داهاتی خۆی كردووە ‏بەهۆی فرۆشتنی نەوت بە بازاڕی ناوخۆ و كەمكردنەوەی تێچووی ‏بەرهەمهێنان، بە جۆرێك كە ئێستا خاوەنی "99 ملیۆن دۆلار نەختینە"یە.‏

لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی نەوتی گۆڵف كیستۆن لە نێوان 45 بۆ 48 ‏هەزار بەرمیلدایە لە ڕۆژێكدا و دەڵێت "كۆمپانیا توانای هەیە لە فرۆشتنی ‏ناوخۆییەوە بگەڕێتەوە بۆ هەناردەكردنی نەوت و پارەدان بە حكومەتی ‏هەرێم".‏

كۆمپانیاكە پلانێكی داناوە بۆ پێدانی پارە بە خاوەنپشكەكان. لە ماوەی ‏ڕابردوودا پێنج ملیۆن دۆلاری بە خاوەنی پشكەكان داوە، پلانی ئێستای ‏پێدانی 15 ملیۆن دۆلارە بە خاوەنپشكەكان، كە بەنیازە لە 19ـی ‏تەمووزەوە دەست بە جێبەجێكردین بكات.‏

ئەو كۆمپانیا بیانییەی نەوت لەگەڵ ئاماژەدا بەوەی كە "كاتی ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نادیارە"، بەڵام باسی لە بەشداریكردنی ‏لە كۆبوونەوەی سێقۆڵیی نێوان كۆمپانیاكانی نەوت و حكومەتی هەرێم و ‏حكومەتی عێراق كردووە و دەڵێت "لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان ‏ئامادەین بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، بە مەرجی دڵنییایدان لەسەر پێدانی ‏پارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە داهاتوودا و پێدانەوەی قەرزەكان و پاراستنی ‏گرێبەستەكان وەكوو خۆی".‏