بەیاننامە بەمەبەستی بەدواداچون بۆ دۆسێی دەستگیرکراوانی عێراق؛ سەرۆککۆمار لیژنەیەک پێکدەهێنێت

(0) / / عێراق / ڕوانگه هەرێم عێراق


Jun 25, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - بەمەبەستی دڵنیابون لە جێبەجێکردنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ لە ناوەندەکانی گرتن و دەستبەسەرکردن و بە ئامانجی خێراکردنی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ راگیراوان و جێبەجێکردنی پێوەرەکانی دادپەروەری و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی تۆمەتباران و دوای وەرگرتنی چەندین سکاڵا، سەرۆکایەتی کۆمار لە ژێر رێنمایی راستەوخۆی سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، لیژنەیەکی پێکهێنا، کە نوێنەرانی سەرۆکایەتی کۆمار و وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد و ئەنجومەنی باڵای دادوەری و راوێژکارێتی ئاسایشی نەتەوەیی لەخۆدەگرێت.

لیژنەی پەیوەندیدار چەندین کۆبونەوەی ئەنجامدا و کارەکانی بوەهۆی ئازادکردنی زیاتر لە (12000) دوانزدە هەزار دەستگیرکراو و راگیراو، کە ماوەی سزاکانیان تەواوببو یاخود لەلایەن دادگای تێهەڵچونەوەوە، هەڵوەشابونەوە.

هەر لەم بارەیەوە سەرۆکایەتی کۆمار پەرۆشی هەمیشەیی سەرۆك کۆمار بۆ درێژەدان بە کارکردن لەم بوارەدا دوپاتدەکاتەوە و هەوڵەکانی بەردەوامدەبێت بۆ چەسپاندنی بنەماکانی یاسا و مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی بەشێوەیەکی راست و دروست، کە گرەنتی دەبێت بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ رۆڵەکانی گەل لە سەرتاسەری عێراقدا بەبێ هیچ پشتگوێخستنێك یاخود جیاکارییەك.