بەرهەمهێنانى پەتاتە لە هەرێمى کوردستان دەگاتە زیاتر لە 700 هەزار تۆن

(0) / / كوردستان / ڕوانگه پەتاتە ئابووری هەرێم


Jun 25, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - بەرهەمى پەتاتەى ئەمساڵ دەگاتە زیاتر لە 700 هەزار تۆن و هاوردەکردنی پەتاتە لەلایەن وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکومەتى هەرێمى کوردستان قەدەغە کراوە.
هیوا عەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمی کوردستان  رایگەیاند، "ساڵى رابردوو 600 هەزار تۆن بەرهەمى پەتاتەمان هەبووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەرهەمهێنانى پەتاتە لە هەرێمى کوردستان دەگاتە زیاتر لە 700 هەزار تۆن و هاوردەکردنیشى قەدەغە کراوە".
راشیگەیاند، "بۆ پاڵپشتیکردنى بەرهەمى جوتیاران، لەگەڵ حەوت کارگەى پیشەسازیى خۆماڵى گرێبەستمان کردووە بۆ کڕینەوەى بەرهەمى پەتاتە بۆ فینگر و جبس".
گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ئەوەشى روونکردەوە، پێداویستیى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ساڵانە 300 بۆ 350 هەزار تۆنە، ئەوى دیکەی بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراق رەوانە دەکرێت".
هاوکات سابیر عەزیز، بازرگانى پەتاتە لە هەرێمى کوردستان گوتی، "ساڵى رابردوو 13 هەزار تۆن پەتاتەمان هەناردە کردووە، کە 10 هەزار تۆنى بۆ وڵاتى ئیمارات و سێ هەزار تۆنیش بۆ سعودیە بووە".
ئەو بازرگانە ئەوەشى روونکردەوە، بۆ ئەمساڵیش گرێبەستیان کردووە بۆ هەناردەکردنى پێنج هەزار تۆن پەتاتە بۆ سعودیە.