550 هەزار جوو ئیسرائیلیان بەجێهێشتووە

(0) / / ئاسیا / ڕوانگە ئیسرائیل جوو حەماس


Jun 26, 2024

قەبارەی فۆنت:
روانگە ـ لە دوای هێرشەکانی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 و هەڵگیرسانی شەڕی غەززە، بە گوێرەی ئامارێکی ناوەندی نیشتەجێبوون و کۆچ لە حکوومەتی ئیسرائیل، زیاتر لە 500 هەزار جوو ئیسرائیلیان جێهێشتووە.
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەند لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە تاوەکوو مانگی نیسانی ئەمساڵ کە دەکاتە شەش مانگی یەکەمی شەڕی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس نزیکەی 550 هەزار کەس بەهۆی شەڕەکەوە ئیسرائیلیان جێهێشتووە و تاوەکوو ئێستاش نەگەڕاونەتەوە.
هەروا ئاماژەیداوە، کۆچ کردن بەردەوامە.
بە گوێرەی تۆمارەکانی ناوەندی ئامارەکانی ئیسرائیل، ژمارەی دانیشتوانی ئیسرائیل تاوەکوو مانگی نیسانی ئەم ساڵ نزیکەی 9.9 ملیۆن کەس بووە، لەوانە زیاتر لە دوو ملیۆنیان فەڵەستینین، کە 400 هەزاریان لە ڕۆژهەڵاتی قودس و 20 هەزار سووریش لە جۆلان نیشتەجێن.
ڕۆژنامە ئاماژەشیداوە، زیاتر لە یەک ملیۆن جوو هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن ئەمەش کارئاسانییەکی زۆری کردووە بۆ کۆچکردن و جێهێشتنی ئیسرائیل.
شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە زیاتر لە هەشت مانگە بەردەوامە.