سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەزیری سەرچاوەکانی ئاو دەکات
(0) /
ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید پێشوازیکرد لە ئەندازیار عەون زیاب عەبدوڵڵا وەزیری سەرچاوەکانی ئاو.
لەدیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 26-6-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، پێشهاتەکانی پرسی سامانی ئاو و ڕێگاکانی پاراستن و سودوەرگرتن لێی تاووتوێ کرا، لەم بارەیەوە سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە پێویستی پاراستنی ئاوی دەریاچە و زۆنگاوەکان کرد و نوێکردنەوەو نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکانی ئێستا و دروستکردنی بەنداوی نوێ بە تایبەتمەندییە تازە نێودەوڵەتییەکان و گرتنەبەری شێوازی مۆدێرنی ئاودێری بەگرنگ زانرا.
سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە له پێویستی مسۆگەرکردنی پشکی دادپەروەرانەی ئاو بۆ عێراق له ڕووباری دیجله و فورات و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەم بوارەدا بۆ گەیشتن به چارەسەری بنەڕەتی که بەشێوەیەکی دادپەروەرانە پشکی ئاو بۆ هەمووان مسۆگەربکات.
هەروەها سەرۆك کۆمار پشتیوانی لە پلانەکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو کرد بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە وڵات.
لای خۆیەوە وەزیری سەرچاوەکانی ئاو گرنگیدانی سەرۆك کۆماری بەدۆسیەی ئاو و ڕێنماییەکانی لەم بوارەدا بەرزنرخاند و جەختی لە پەرۆشی وەزارەت بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکان کردەوە، ئاماژەی بەو پلانانەش کرد کە بۆ چارەسەرکردنی بەفیڕۆدانی ئاو و روبەڕوبونەوەئ کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، داڕێژراون.
تێبينيێك بنێرە: