سەرۆك کۆمار پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە هەڵبژاردن سەرۆک کۆمار کوردستان


Jun 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە وەفدی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە سەرۆکایەتی دادوەر عومەر ئەحمەد محەمەد سەرۆکی کۆمیسیۆن.

لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 26-6-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە کارەکانی کۆمیسیۆن و رێککارەکانی سازکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرا، لەوبارەیەوە سەرۆك کۆمار پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و جەختیکردەوە لە گرنگی زامنکردنی بنەماکانی پاکی و بێگەردی و دادپەروەری و شەفافیەت و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ سازکردنی ئەو هەڵبژاردنانە بەشێوەیەك کە سەرکەوتنیان مسۆگەربکات.
سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی زاڵبوون بەسەر هەموو ئاستەنگەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست بۆ کاری کۆمیسیۆن بۆئەوەی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردندا سەرکەوتوبێت و بەشداریکردنی بەرفراوانی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیاندا، زامنبکرێت.
لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، رێنماییەکانی سەرۆك کۆماریان بەرزنرخاند، هەروەها باسیان لە ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن  کرد بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دانانی خشتەی کارکردن لەوبارەیەوە.