شاسوار عەبدولواحید: ٢٠ ی ئۆکتۆبەر رۆژێکی ناخۆشە بۆ دەسەڵاتداران و رۆژی رووخانی ئەزمونی ٣٣ ساڵەی حکومرانی بنەماڵەییە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە شاسوار عەبدولواحید هەڵبژاردن پارتی یەکێتی


Jun 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند: بە رۆحێکی پڕهیوا و دڵێکی خۆشەوە چاوەروانی رۆژی هەڵبژاردن و کۆتاییهێنانی ئەم حوکمرانیە خراپەی پارتی و یەکێتی دەکەین.

"هەرچەندە ئەو رۆژەی دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان، بەرای ئێمە دوورە و پێمان باش بوو زوتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرایە، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردن زۆر گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان و رزگاربوونیان لەم دۆخە ناهەموارە" سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وادەڵێت.

دەشڵێت "رۆژی ٢٠ ی ئۆکتۆبەر رۆژێکی ناخۆشە بۆ دەسەڵاتداران و رۆژی رووخانی ئەزمونی ٣٣ ساڵەی حکومرانی بنەماڵەییە لە هەرێمی کوردستان، وە رۆژی هاتنی دڵخۆشی و خۆشگوزەرانییە بۆ خەڵکی کوردستان".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024ی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمە جاری پێنجەمە وادەی ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمان دیاری دەکات.

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مەرسومی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی خوێندەوە، وتیشی: ئەگەر بڵێم 20ی ئۆكتۆبەر رۆژێك بوو كە هەمووان لەسەر كۆك بوون، نەخێر، بەڵام گفتوگۆ كراوە.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەبوو لە مانگی 10ـی 2022 بەڕێوەبچێت، سەرباری و ‏فشاری ناوخۆیی و ‏دەرەكی بۆ ئەنجامدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر یاسای ‏هەڵبژاردن ‏بە تایبەت پارتی و یەکێتی لەسەر كورسیی پێكهاتەكان، پڕۆسەكە ئەنجام نەدراو پەرلەمان ساڵێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەکەی بە "نادەستووریی" لە قەڵەم داو پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو هەرێم کەوتە بۆشایی دەسەڵاتی یاسادانان و حکومەت بوو بە کاربەڕێکەر.

هەڵبژاردنەکە تا ئێستا چوار جار دواخراوە، سەرەتا سەرۆكی هەرێم ڕۆژی ‏‏١-١٠-٢٠٢٢ی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردن، بەڵام لەو ڕۆژەدا نەكراو سەرەڕای ‏سێ جاری دیكەش ‏دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە (١٨-١١-٢٠٢٣ و ٢٥-٢-٢٠٢٤ و 10-6-2024) بەڵام لەو سێ ڕێکەوتەشدا نەکرا.

‏لە ماوەی سێ دەیە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و لە دوای یەكەم هەڵبژاردنەوە لە ١٩-٥-١٩٩٢، ‏هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە وادەی یاسایی و دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوە ‏نەچووە.