داوایەک لە حکومەتی هەرێمەوە لە بەغدا لەبارەی مووچەی مانگی ئایاری هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان

(0) / / كوردستان / ڕوانگە هەرێم مووچە


Jun 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر چەند پرسێک کۆبووەوە، یەکێک لە پرسەکان تایبەت بوو بە دابەشکردنی مووچە و ئەنجومەنەکە داوای لە بەغداد کرد بە زووی مووچەی مانگی ئایاری هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بنێرێت و داوا لە وەزارەتی دارایی کرا پەلەبکات لە ناردنی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغداد.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، باسی دۆخی کارەبا کرا و ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێکی وەزیری کارەبای پەسەندکرد سەبارەت بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشکاندنی رێژەی %20ی پارەی کەڵەکەبووی کارەبای هاوڵاتییان و بڕیاردرا تا 2024/7/31 رێژەی داشکاندنەکە بەردەوام دەبێت .

لە بڕگەی دووەمدا باس لە بەڕێوەچوونی رێورەسمی ئەمساڵی حەج و رێکارەکانی وەزارەت لەمبارەیەوە کرا و ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی راسپارد کە بە هەماهەنگی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هۆکارەکانی گیان لە دەستدانی بەشێک لە حاجییانی هەرێمی کوردستان بکۆڵنەوە و هەموو رێکارێک بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوو.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بابەتی پەیوەندیدار بە مووچە کرا و ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە کە خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش راسپێردران کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و هەرێم بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە.

هاوکات، ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنیەکان، داوای کرد کە وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بە تایبەتیش کە لە دوا هەنگاودا، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاری پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و هیچ بيانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە.

هەر لە بارەی مووچەوە ئاماژە بەوەشکرا، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا و ناردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق.

لەبارەی دیارکردنی رۆژی 20ی ئۆتۆبەر بۆ ئەنجامنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری پێشوازیکردنەکەی خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ، پێشوازی لە راگەیاندنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.