بەڕێوەچوونی هەڵژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران

(0) / / ئاسیا / ڕوانگە هەڵبژاددن ئێران


Jun 28, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگه ـ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی (١٤)هەمین سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکرد. 
ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران، دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی (١٤)هەمین سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانی ڕاگەیاند. 
بەپێی مادەی (٣٦)ی یاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران، هەموو ئەو کەسانەی کە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئێرانین و تەمەنیان لە (١٨) ساڵە دەتوانن بە پێشکەشکردنی ڕەگەزنامە یان کارتی نیشتیمانی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن.
هەروەها ئەو هاوڵاتییە ئێرانیانەی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و ناسنامەیان نییە، دەتوانن بە پێشکەشکردنی پاسپۆرتەکانیان دەنگ بدەن و بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکەیان بکەن.
دوێنێ وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ژمارەی ئەو ناوەندانەی دەنگدان لە ناو کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دیاریکراون، ٥٨ هەزار و ٦٤٠ ناوەندە کە ٣٤ هەزار و ٥٢٢ لە شارەکان و ٢٤ هەزار و ١١٨ لە گوندەکان و لادێکان، لە کاتێکدا ژمارەی ناوەندی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات ٣٤٥ ناوەندە لە زیاتر لە ٩٥ وڵات". 
لەم هەڵبژاردنانەدا بۆ وەرگرتنی پۆستی (١٤)هەمین سەرۆکایەتی ئێران چەند کاندیدێک کێبڕکێ دەکەن، ئەوانیش بریتین لە، حوجەتولئیسلام مستەفا پور محەمەدی، مەسعوود پزیشکیان، سەعید جەلیلی، و محمد باقر قالیباف، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەردوو کاندید ئەمیر حسێن قازیزادە هاشمی و عەلیڕەزا زەکانی کشانەوەی خۆیان لە کێبڕکێی هەڵبژاردن ڕاگەیاند.