لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی پارتی، شەڕ ڕویدا و تەقەکراوە
(0) /
ڕوانگە - لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی پارتیدا لە لیژنەی ناوچە و رێکخراوەکانی حزبەکەدا لەسنوری لقەکانی گەرمیان و هەڵەبجە شەڕ و ئاڵۆزی ڕویداوە و لە چەند ناوچەیەکیش تەقەکراوە و هێزە ئەمنییەکان چونەتە شوێنی ئاڵۆزییەکان.
بە پێی ڕاپۆرتی هەندێ لە میدیاکان، کەوتوون لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە سنوری لقەکانی ١٢ی هەڵەبجە و ١١ی گەرمیان، شەڕو و ئاڵۆزی لە نێوان کاندیدانی هەڵبژاردنەکان و کادرانی ئەو حزبەدا ڕویداوە و لە بەشێک لە ناوچەکانیش تەقەکراوە و هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە چونەتە ناوچەکانی پارتی.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە دوێنێ و ئەمڕۆدا ٢٧ و ٢٨ی حوزەیران لە کاتی بەڕێوەچونی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی پارتیدا لە ناوچەکانی سنوری لقەکانی هەڵەبجە و گەرمیان و بە تایبەت لە ناوچەکانی سەیدسادق و پێنجوێن و ناوەندی هەڵەبجە و شارەزوور و زەڕایەن و کەلار و باوەنوور شەڕ و ئاڵۆزی دروستبووە و لە پێنجوێن و سەیدسادق تەقەش کراوە بەڵام هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتۆتەوە.
سەرچاوەیەک لە لقی گەرمیانی پارتی بە شارپرێسی راگەیاند لە ململانێی کاندیدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان هەندێک گرژی دروست بووە و ئەوەش بۆحزبێک کە خاوەنی خوێنی گەرم بێت و هەموان بیانەوێت خزمەت بکەن شتێکی ئاساییە شەڕ لەسەر پێگەی خزمەت بە ڕێبازی پارتی بکەن.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ململانێی نێوان کادران و بەرپرسانی پارتی لە سنوری ئەو دوو لقە پەیوەستە بە مێژوویەکی چەند ساڵەی ململانێ ناوخۆییەکانی حزبەکەوەو مێژوویەکی چەند ساڵەی هەیە و ئێستا لە هەڵبژاردنەکاندا ململانێکان توندتر بوونەتەوە و ئاڵۆزی لێکەوتۆتەوە.
ماوەی دوو رۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێشاوێک لە پۆست و کۆمێنتی ناڕەزایی کادرانی پارتی بڵاو بووەتەوە و هەموان باس لە نا یاسایی بوونی هەڵبژاردنەکان و دەستەو دەستەگەرایی بەرپرسانی حزبەکە دەکەن لە هەڵبژاردنەکەدا و یەکێک لە کاندیدانی ناوچەی سەید سادق نوسیویەتی "وێڕای ئەوەی دەنگی یەکەمم بەدەست هێنا بەڵام بە قسەی بەرپرسێکی باڵا لە لیستی دەرچووەکان دوورخرامەوە".
پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی سێ رۆژە لە سەرجەم لق و ناوچە و ڕێکخراوەکانی دەستی کردووە بە کۆنفرانسی ناوخۆیی و سەرجەم بەرپرس و کارگێڕو ئەندامانی ئۆرگانەکانی بنکە و ڕێکخراو و ناوچە تا ستافی لقەکانیش هەڵدەبژێردرێن.
تێبينيێك بنێرە: