هاوکاریی یەک ملیار دۆلاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان هاوپەیمانی پێشمەرگە


Jun 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی  له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، بۆ 10 ساڵ یاداشتنامه‌یه‌كى لێكتێگه‌یشتن واژۆكراوه‌و ئه‌و یاداشته‌ش ته‌نها دوو ساڵى ماوه‌، ده‌شڵێت:"پێویسته‌ پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان یه‌كبخرێته‌وه‌".

دوێنێ هەینی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەدژی داعش ئاشکرایکرد، بەگوێره‌ى یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کە لە 2016وە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە واژۆکراوەو بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوامدەبێت، هاوپەیمانییەکە زیاتر لەیەک ملیار دۆلاری بۆ پڕچەککردن، مەشقپێکردن، هاوکاری لۆجستی‌و دارایی بۆ پێشمەرگە تەرخانکردوە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی جەخت لەپشتیوانیی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكاتەوە کە لەڕێگەی حکومەتی هەرێم‌و وەزارەتی پێشمەرگەوە کار بۆ بەدامەزاراوەییکردن‌و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەدات.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، 9ى 3ى 2024 شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دڵناییانداوە لەبەردەوامی ناردنی هاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە، هاوکات دەستخۆشیان لەهەنگاوەکان کردوه‌ بەئامانجی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو دواکاتیش بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان مانگی 9ی ساڵی 2026 دیاریکراوە.

باسی لەوەشکردبوو، ئەمریکا پشتیوانیی لەسەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکات‌و هانی عێراقیش دەدات کێشەکانی لەگەڵ ئەو هەرێمە بەئاشتییانە چارەبکات.