گوتەبێژی یەکێتی و ھێزەکانی ٧٠ی حزبەکە ڕەتی دەکەنەوە پەیوەندییان بە سووتاندنی بازاڕەکانی ھەرێمەوە ھەبێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان یەکێتی هێزەکانی ٧٠


Jul 01, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - هەریەکە لە گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەعدی پیرە و هێزەکانی ٧٠ی حزبەکە ڕەتی دەکەنەوە پەیوەندییان بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکووکەوە هەبێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە وێڕای ڕەتکردنەوەی هەرچەشنە پەیوەندییەکیان بە ڕووداوەکانی سووتانی بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووک، ڕادەگەیەنێت: "یەکێتیی خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکات، نەک بۆ شەڕی ناوخۆ، هەروەها ئەم سیناریۆ چەوت و لەقانە بۆ تێکدانی هەڵبژاردنە".

سەعدی پیرە گوتیشی، "ئەو کاتەش ئێمە باسمان لەوە کردووە کە حکوومەتی هەرێم و دامودەزگاکانی پێویستە بەدواداچوون بکەن. بە تووندی ئیدانەی ئەو کارەمان کردووە لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی حزب و پێمان وایە مەبەست لێی تێکدانی سەقامگیری و تێکدانی ئابووری هەرێم. بەم دوایانە زانیمان خەڵک گیراوە و لە لایەن هەواڵگری عێراقەوە ئاگادار کراینەوە کە کەسێک گیراوە کە لە بەرامبەر ٨٠٠ دۆلار ئەو کارەی کردووە و کارمەندی دژە تیرۆرە. لەو کاتەدا دژە تیرۆر هەموو ئیمتیازاتی ئەو سەربازەیان بڕی و کەوتە هاوکاریکردن لەگەڵ هەواڵگری عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە".

گوتەبێژی یەکێتی ڕاشیگەیاند: "ئەمڕۆ دەرئەنجامەکان ڕاگەیاندرا و لە لایەن بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە بیستمان کە یەکێتی و دژە تیرۆر ناویان لە دۆسیەکە هات. ئێمە حزبێکی گەورەین و زۆر کەس لەسەر ئێمەن بەڵام خزاوەتە ناو کاری قێزەون. ناکرێت ئێمە لە کاتێکدا خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەن ناکرێت ئامادەکاریی بکرێت بۆ شەڕی ناوخۆ".

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی داواشی کرد، لێکۆڵینەوە لەو پارەیە بکرێت کە تاوانبارەکە بۆ ئەنجامدانی کردەوە وەریگرتووە و لەم بارەیەوە گوتی، "بزانن سەرچاوەی پارەکە کوێیە" و جەختیشی لەوە کردەوە کە تاوانبارەکەش ئەفسەر نییە و سەربازە و ئیمتیازاتی بڕاوە.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە جەختی لەوە کردەوە کە "ئێمە بە توندی ئەو تاوانە ڕەت دەکەینەوە و تاوانبارەکە گیراوە و لێی بکۆڵیدرێتەوە و بزانن پارەکەیان لە کوێ هێناوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەکە".

هاوکات فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ لە ڕاگەیاندراوێکدا بۆ ڕای گشتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییان بەو ڕووداوانە نییە و ڕادەگەیەنێت: "بە هیچ شێوەیەک، دوور و نزیک هێزەکانمان و هێزەکانی تری هەرێمی كوردستان پەیوەندییان بەو ڕووداوانەوە نییە".

‎جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە، "ئێمە لە هێزەکانمان چاوەڕێی ڕێڕەوی تەواوی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقین تاوەكو ڕاست و دروستی دوور لەمەرام و پیلانی ناڕەوا بۆ ڕای گشتی وڵاتەکەمان ئاشکرا بکەن كە هەر كەس و لایەنێك لەپشت سووتاندنی بازاڕەكانەوەیە، ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، عەمید میقداد میری ڕایگەیاند سێ کەس بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕەکانى ھەولێر، دھۆک، کەرکووک و بەغدا دەستگیرکراون کە سەر بە ڕێکخراوی تیرۆرسیتی پەکەکەن. گوتیشی: "دەستگیرکراوەکان کە سەربە پەکەکەن بازاڕەکانی قەیسەریی، لەنگە و بازاڕی نیشتمانی ھەولێر، بازاڕێکی میللی لە دھۆک و بازاڕی قەیسەریان لە کەرکووک سووتاندووە، ھەروەھا پلانییان ھەبووە لە وڵاتانی دیکەش بازاڕ بسووتێنن".

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان – عێراق هێمن میرانی ڕایگەیاند: "لە ئەنجامی ئەو دانپێدانانەی کە لەلایەن ھەردوو تیمی ھاوبەش لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم ھەیە، ڕێکخراوی پەکەکە لە پشت ئەو ڕووداوانەیە، سێ لەو تاوانبارانەی لێرەن، یەکێکیان سەر پەرشتیاری پلانەکەیە بەناوی ھونەر فەخرەدین ئەحمەد، کارمەندی یەکەی ٧٠ یە، ئەوەی دیکەیان بە ناوی نەجات محەمەد حەسەن، ئەفسەرە لە دژە تیرۆری سلێمانی ( CGT) ئەوانە لەلایەن پەکەکەوە تەجنید کراون، کادیرانی ئەمنی و سەربازی پەکەکە لە سووریا، تورکیا، قەندیل، کفری، سەنگەسەر و سلێمانی ڕاھێنانیان پێکراوە بۆ ئەوەی ئەو کارە تیرۆریستیانە ئەنجام بدەن".