راگەیەندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەبارەی تەقینەوەکەی سلێمانی
(0) /
ڕوانگە - دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا سپۆرتاجی رەنگی سپی لە شارى سلێمانى، کە تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکەی نەزانراوە، دووکەس بەسەختی برینداربوون.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی شاری سلێمانییەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئۆتۆمبێلێک لە نزیک پرۆژەی میران سیتی لە گەڕەکی راپەڕین لە کاتژمێر 11:30 خولەک تەقیوەتەوە، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری کیا سپۆرتاجی رەنگ سپی بووەو تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە.
باس لەوەشکراوە، تەقینەوەکە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کەس بە سەختی، یەکێکیان شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و ئەوی دیکەیان سەرنشین بووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە بەردەوامن.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 833 حاڵەتی بە ئامانجگرتن لە هەرێمی کوردستان هەبووە و بەهۆیانەوە هەشت کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، لەکۆی ئەو 833 بەئامانجگرتنە 365 یان لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون، 356 جار لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، هەروەها 102 جار پارێزگای سلیمانی بە ئامانجگیراوە
ئەو بە ئامانجگرتنە بەشێکیان لەناو سەنتەری شارەکاندا بوون و بەشێکیشیان لە دەرەوەی سەنتەری شارەکاندا بوون.
بەئامانجگرتنەکانی ساڵی رابردووش بەگوێرەى پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە، لە پارێزگای هەولێر 475 جار، لە پارێزگای دهۆک 517 جار و لە پارێزگای سلێمانی 420 جار .
بەشێک لەو بەئامانگرتنانە لە ناوچە جیاوازەکان بوون و کراونەتەسەر چەند ئۆتۆمبێلک و شوێنێکی نیشتەجێبوون، لەوانە ساڵی رابردوو ماڵێک لە کەلار بە ئامانجگیرا و حاڵەتی گیانلەدەستدانیشی تێدا تۆمارکرا.
چەند جارێکیش چەند ئۆتۆمبێلێک لە سەر رێگاکانی کەلار و پێنجوێن و سەنگەسەر و دوکان بە ئامانجگیران و چەند هاونیشتمانیەک گیانیانلەدەستدا.
تێبينيێك بنێرە: