بەپێی توێژینەوەیەک دەرکەوتووە ئاوی ڕووباری سیروان، شیاو نییە بۆ خواردنەوە

(0) / / ڕاپۆرت / ڕوانگە ئاوی سیروان تەندروستی


Jul 09, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە- بەپێی توێژینەوەیەک کە مامۆستایەکی زانکۆی گەرمیان، ئەنجامی داوە دەرکەوتووە کە ئاوی ڕووباری سیروان، بەهیچ شێوەیەک شیاوی خواردن نییە و بەڕێوەبەری ئاوی کەلاریش، ڕایدەگەیەنێت:" ئەو ئاوەی کە بەسەرماڵاندا دابەشدەکرێت هیچ گرفتێکی نییە.

دکتۆر عەبدول موتەلب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕ لە بواری ژینگە، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" ساڵی پار ئەو توێژنەوەیەمان ئەنجامداوە و بۆماوەی 6 مانگ بە بەردەوامی نمونەمان وەرگرتووە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاوی ڕووباری سیروان، و دڵنیابونەوە  لە ئاوەکە و بۆ ئەوەمەبەستەش چەند ئەندێکسێکی زانستی تازەمان بەکارهێناوە بۆ هەڵسەنگاندن واتا هەڵسەنگاندنەکە تەنها لەسەر بناغەی ئەوە نەبووە کە ڕێژەی ماددەکان بزانین، بەڵکو داخلی چەند هاوکێشەیەکمان کردووە بۆئەوەی بەشێوەیەکی گشتی بۆمان دەربکەوێت کە ئایە ئاوەکە گونجاوە بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ماسی ؟

وتیشی:" لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە ئاوی ڕووباری سیروان، بەهۆی ئەو پاشماوە زۆرەی ماڵانەوە کە لە 10 شوێنی جیاوازەوە لە نێوان بەنداوی دەربەندیخان تاوەکو سنوری ناحێی جەلەولا، کە ئاوی پاشماوەی ماڵان و پاشماوەی ناوچەپیشەسازیەکان و پاشماوەی ئاوی شوێنەکانی نیشتەجێبوون بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، دەڕژێتە ناو ڕووباری سیروان، بوونەتە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی هەندێک لە میتاڵە قورسەکانی وەک،  ئەلەمنێۆم ، قوڕقۆشم، نیکڵ ، کرۆم، بەتایبەت لە سنوری کەلار و شارەدێی گردەگۆزینە، ئەمەش وایکردووە کە ئاوی ڕووبارەکە بەهیچ شێوەیەک بۆ خواردنەوە ناشێت و تاڕادەیەکیش بۆ کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ماسیش گونجاونییە.

دکتۆر عەبدول موتەلب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕ لە بواری ژینگە، ئاشکرایشی کرد:"هەر ئەو ئاوەی کە لە ڕێگەی پاڵاوگەی بەردەسورەوە بەسەر ماڵاندا دابەشدەکرێت، بەڕێژەی 90% کێشەی نییە، بەڵام کێشە لە تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاوەکەدایە کە لە هەندێک شوێن کونبوون تیایاندا ڕوودەدات و لە هەندێک جێگاش تۆڕەکان نزیکن لە سیستمی ئاوەڕۆی ماڵانەوە کە بەوهۆیەوە هەندێکجار تێکەڵ بوون ڕوودەدات، بەتایبەت لە وەرزی باران باریندا کە ڕێژەی لێڵی ئاوەە بەرزدەبێتەوە و لەوکاتانەشدا ڕەنگە پاڵاوگەکە نەتوانێت وەک پێویست ئاوەکە پاک بکاتەوە.

لای خۆشیەوە، سامان ڕەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار، بۆ ڕوانگە ،ڕونیکردەوە:" ئێمە بە هیچ شێوەیەک ڕاستەوخۆ ئاو لە ڕووباری سیروانەوە وەرناگرین، بەڵکو لە تەنیشت ڕووبارەکەوە حەوزی نیشتەنیمان دروستکردووە و بەشێوەی دەڵاندن ئاو دەچێتە ناو ئەو حەوزانەوە و دواتر دەچێتە یەکەی وەرگر و پاشان بە چەند قۆناغێکی دیکە ئاوەکە پاڵاوتنی بۆ دەکرێت پاشان ماددەی کلۆری تێدەکرێت و دواتر دەستدەکرێت بە دابەشکردنی بەسەر گەڕەکەکاندا.

لە بارەی شکانی تۆڕەکانی دابەشکردن و تێکەڵبونی ئاوەکە لەگەڵ پاشماوەی ماڵاندا، بەڕێوەرەی ئاوی گەرمیان، وتی  :" دەکرێت شکاندن ڕوبدات، بەڵام بە بەردەوام تیمەکانمان سەرقاڵی ئەوەن کە لە هەرشوێنێک شکان ڕوبدات دەستبەجێ چاکی دەکەنەوە، وە ئەگەر تێکەڵبونیش ڕوبدات لەکاتی پشکنیندا ماددەی نیتراتی تێدابێت ئەوکات دەزانین کە تێکەڵبون ڕویداوە و دەستبەجێ دەستدەکەین بەچاککردنەوەی، 

سامان ڕەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار، ئاشکرایشیکرد:"  هەرکاتێک کە تێکەڵ بون ڕوبدات، ماڵان ئاگادارمان دەکەنەوە یاخود لەڕێگەی ئەو تێستانەوە کە ڕۆژانەدەکرێت هەستی پێدەکەین، کە دیارە هەندێک لە تێستەکان ڕۆژانە دەکرێت و بەشێکیشیان هەفتانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە تێچوی تاقیکردنەوەکان زۆرن و ستافێکی زۆری دەوێت بۆیە ناتوانین هەمو ڕۆژێک ئەو 67 بیر و 2 پاڵاوگەیەی کە هەمانە تێستبکەین.