ئاوی سلێمانی: ٥٢ ملیار دینار قەرزی ئاو لای هاووڵاتیانە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان سلێمانی ئاو


Jul 10, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕایدەگەیەنیت، كە ٪٢٠ی لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو بەردەوامە و بڕی ٥٢ ملیار دیناری قەرزی ئاو لای هاوبەشانە.

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند" دوابەدوای بڕیاری لێخۆشبوون لە ٢٠%ی قەرزی ئاوی هاووڵاتیان، كە لە مانگی ٤ی ئەمساڵ دەرچووە، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان سەردانی بنكەكانی كۆكردنەوەی كرێی ئاو دەكەن و بەوەش داهاتی بەڕێوەبەرایەتی بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە''.

ڕاشیگەیاند'' دوو جۆر قەرز لای بەڕێوەبەرایەتیمان تۆماركراوە، كە لەسەر هاووڵاتیان و شوێنە گشتییەكانە، یەكەمیان ئەو قەرزەیە، كە تاوەكو ١ی ٩ی ٢٠١٨ لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەوە پارەی ئاو كۆدەكرایەوە و دووەمیشیان لەدوای ئەو بەروارەوە، كە كۆكردنەوەی كرێی ئاو دراوە بە كۆمپانیا بەپێی گرێبەستێك''.

ئاشكراشی كرد، بڕی ئەو قەرزەی لەسەر هاووڵاتیان و شوێنە گشتییەكانە لە قۆناغی یەكەمدا ٢٢ ملیار دینارە و ئەوەی قۆناغی دووەمیشیان، كە بەپێی سیستمە نوێیەكە و لەلایەن كۆمپانیاوە كۆدەكرێتەوە لە سەرووی ٣٠ بملیار دیناردایە.

جەختیشی كردەوە، ڕۆژانە بەهۆی گێڕانەوەی قەرزی ئاوەوە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، ڕێژەیەك لەو قەرزە كەم دەبێتەوە و دەگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەت.

ڕوونیشی كردەوە، كە سەرەڕای داشكاندنی ٢٠%ی قەرزی ئاوی هاوبەشان، هاووڵاتیان ئەگەر قەرزەكەی لایانە زۆربوو دەتوانن بیكەن بە قیست بەپێی بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆوە.