ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی عێراق: لەشكركێشی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق رەتدەكەینەوە
(0) /
ڕوانگە - ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی عێراق لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا رایگەیاند، لەشكركێشی سوپای توركیای بۆ ناو خاكی عێراق رەتدەكەینەوەو هەروەها فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی وەفدێك بۆ هەرێمی كوردستان لەپێناو ئاگاداربون لە دۆخەكەو گەیشتن بە هەڵوێستێكی یەكگرتو لەبارەی ئەو بابەتە كە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرپەرشتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی عێراقی كردو تێیدا چەند پرسێك تاوتوێ كران.
لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی خستۆتەڕو كە تێیدا تاوتوێی دەستوەردان و پێشێلكارییەكانی سوپای توركیا لە ناوچە سنورییە هاوبەشەكان كراوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا جەخت كراوەتەوە لەسەر رەتكردنەوەی لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی عێراق.
لیوا یەحیا رەسول وتویەتی، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی عێراق جەختی كردۆتەوە كە پێویستە لەسەر توركیا رەچاوی بنەماكانی دراوسێیەتی باش بكات و لەگەڵ حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی دیپلۆماسیانە كاربكات و هەماهەنگی لەگەڵ هەبێت لەبارەی هەر بابەتێكەوە كە پەیوەستە بە لایەنی ئەمنی.
هەر لە كۆبونەكەدا، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی وەفدێك بە سەرۆكایەتی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لەپیناو ئاگاداربون لە دۆخەكەو گەیشتن بە هەڵوێستێكی یەكگرتو لەبارەی ئەم بابەتە كە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق.
ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی عێراق داواشی لە هێز و لایەنە نیشتمانییەكان كردوە، پشتیوانی لە هەڵوێستی حكومەت بكەن لەبارەی لەشكركێشی توركیاو جەختیشی لەسەر هەڵوێستی عێراق كردۆتەوە كە پشت بە دەستورو یاسا رێگە بە دەستدرێژی بۆ سەر خاكەكەی نادات هەروەك رێگە نادات بە بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ دەستدرێژیكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
جگە لەوەش لە كۆبونەوەكەدا چەند بابەتێكی دیكە تاوتوێكراون و وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، بڕیاری پێویستیشیان لەبارەوە دراوە.
تێبينيێك بنێرە: