سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەزیری لاوان و وەرزش و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ دەکات

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان عێراق


Jul 11, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە  بەڕێزان ئەحمەد موبەرقەع وەزیری لاوان و وەرزش و عەدنان دەرجال سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-7-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی دانانی بەرنامە و پلان بۆ داهاتوو لەپێناو وەبەرهێنان لە وزەی گەنجان و بەشداریکردن لە پەرەپێدانی توانا و لێهاتووییەکانیان، هاوکات پەرەپێدانی رۆڵی دامەزراوە وەرزشییەکان و پەرەپێدانی بواری وەرزشی دوپاتکردەوە.
سەرۆك کۆمار پەرۆشی خۆی نیشاندا بۆ لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی رەنگە روبەڕوی شێرەکانی رافیدەین ببنەوە لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، هەروەها پشتگیری تەواوی خۆی دەربڕی بۆ دابینکردنی کەشێکی  گونجاو و ئامادەکاریی نایاب بۆ گەیشتن بەو خەونەی هاندەرانی وەرزشی ئومێدی بۆ دەخوازن. هاوکات داوای لە وەزارەت و یەکێتی تۆپی پێ کرد هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوانیان بەهێز بکەن بەمەبەستی بەدیهێنانی ئەو خەونەی هاندەرانی وەرزشی.
هەروەها سەرۆك کۆمار هیوای خواست هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی و یاریزانانی بەشدار لە ئۆڵۆمپیادی پاریس سەرکەوتوبن و ئەنجامی ئەرێنی بەدەستبهێنن.
لای خۆیەوە بەڕێز وەزیری لاوان و وەرزش باسی لە بەرنامە و هەوڵەکانی وەزارەت کرد بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە وەرزشییەکان، کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی تواناکانی لێهاتوویی لاوانە. هاوکات عەدنان دەرجال دیدگای خۆی سەبارەت بە ئامادەکردنی هەڵبژاردە نیشتیمانییەکانمان بۆ پێشبڕکێکانی داهاتوو خستەڕو، بە تایبەتی پاڵاوتنەکانی کۆتایی گەیشتن بە جامی جیهانی.
لەکۆتایی دیدارەکەدا، وەزیر و سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ سەرنج و پێشنیارە بەنرخەکانی سەرۆك کۆمار-یان بەرزنرخاند، کە لە بەرژەوەندی پەرەپێدانی کەرتی وەرزشی و هەڵبژاردە نیشتمانییەکانە و بەرەو سەرکەوتنیان دەبات.