وردەکاریی دیداری نێوان بارزانی و ئەعرەجی؛ جەخت کردنەسەر پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان

(0) / / كوردستان / ڕوانگە مەسرور بارزانی ئەعرەجی


Jul 11, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کرد و گفتوگۆیان لەبارەی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوانیان و دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کرد. 

 لەسەر ڕاسپاردەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی گەیشتە هەولێر.

 نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیران بارزانی بڵاویكردەوە: بیروڕامان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئه‌منیی عێراق بەگشتی ئاڵوگۆڕ کرد. جەختمان لە پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچە سنوورییەکان کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە.

دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کۆبووە و "لەشکرکێشی و پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراقی ڕەتکرایەوە"، هاوکات بەپێویست زانرا تورکیا ڕەچاوی پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش بکات.