پەیامی من بۆ جیهانی نوێ

(0) / / وتار / ڕوانگە مەسعود پزیشکیان ئێران تاران


Jul 13, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران وتارێکی بە ناونیشانی " پەیامی من بۆ جیهانی نوێ" بڵاوکردووەتەوە و هەر لە ئێستاوە نیازپاکیی کابینەکەی لە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەردەبڕێت.

پزیشکیان وتارەکەی بە زمانی ئینگلیزی لە ڕۆژنامەی تاران تایمز بڵاوکردووتەوە و نووسیویەتی "لە نێو ئەو جەنگ و ئاڵۆزییەی ناوچەکەمانی گرتووەتەوە، سیستەمی سیاسی ئێران بە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی ئاشتیانە و بێکێشە، سەقامگیرییەکی بەرچاوی نیشان دا؛ ئەم سەقامگیرییە و ئەو شێوازە شکۆدارەی هەڵبژاردنەکانی تێیدا بەڕێو ەبرا، جەخت لە تێگەیشتنی ڕێبەری باڵای ئێران دەکاتەوە بۆ دەستاودەستی دیموکراسیانەی دەسەڵات".

لە بارەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، پزیشکیان نووسیویەتی" لەم کابینەیەدا پاراستنی شکۆی نەتەوەیی و پێگەی نێودەوڵەتی ئێران لە هەموو بارودۆخێکدا لەبەرچاو دەگیرێت و سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای "کەرامەت، دانایی و وریایی"ـەوە دادەڕێژرێت".

هەروەها ئاماژەی داوە "حکوومەتەکەی سیاسەتێکی میانەڕەو لە دروستکردنی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو وڵاتاندا ڕەچاو دەکات کە لەگەڵ بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێران، گەشەپێدانی ئابووری و پێداویستییەکانی ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و جیهانیدا بگونجێت".

دەشڵێت "پێشوازی لە هەر هەوڵێکی ڕاستگۆیانە دەکەین لە پێناو کەمکردنەوەی گرژییەکان، چونکە ئامانجمان دروستکردنی ژینگەیەکە بۆ پێشکەوتن و گەشەپێدانی ناوچەکە کە لە بەرژەوەندی هەمووان بێت".

هەروەها پەرۆشبوونی خۆیی بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ تورکیا، سعوودیە، عومان، عێراق، بەحرەین، قەتەر، کوەیت، ئیمارات و وڵاتانی دیکەی هەرێمی دەربڕیوە لە پێناو قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان، بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و برەودان بە وەبەرهێنانی هاوبەش، ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و هەنگاونان بەرەو دیالۆگ و بنیاتنانی متمانە و گەشەپێدان.

هەر لە وتارەکەیدا، سەرۆککۆماری نوێی ئێران پەیامێکی تایبەتی لە بارەی شەڕی غەززەوە ئاراستەی کۆمەڵگەی عەرەبی کردووە و نووسیویەتی "داوا لە وڵاتانی عەرەبی دراوسێ دەکەم هاوکاریی هەموو هێزە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بکەن بۆ پێشدەستیی لە پێناو بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە لە پێناو ڕاگرتنی کۆمەڵکوژیی و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕو ئاڵۆزییەکان".

دەشڵێت "پێویستە بە وریاییەوە کار بکەین بۆ کۆتایی هێنان بەم داگیرکارییەی ژیانی چوار نەوەی فەلەستینی وێران کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، جەخت دەکەمەوە کە هەموو وڵاتان بە گوێرەی پەیماننامەی جینۆسایدی ساڵی 1948 بۆ ئەرکی پابەند بوونیان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە جینۆساید. نەک ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاوانباراندا".