سەرۆك کۆمار بانگهێشتنامەیەکی رەسمی بۆ ئامادەبوون لە کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە پاریس پێدەگات

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان عیراق ئۆلەمپیک


Jul 15, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگه ـ بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید بانگهێشتنامەیەکی رەسمی لە بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆك کۆماری فەرەنسا و د.تۆماس باخ سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتی ئۆڵۆمپیادەوە پێگەیشت بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی کردنەوەی خولی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە پاریس دەستپێبکات.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ دووشەممە 15-7-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێز سەرۆك کۆمار پێشوازی لە بەڕێز د.عەقیل مفتن سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق کرد.
لەو دیدارەدا، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق بانگهێشتنامەکەی پێشکەش بە بەڕێز سەرۆك کۆمار کرد بۆ ئامادەبوون لە مەراسیمی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد.
سەرۆك کۆمار، جەختی لەگرنگی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان کردەوە بۆ سەرکەوتنی  وەرزشەوانانی عێراقی، کە بەشداری لە ئۆڵۆمپیاددا دەکەن و داوای کرد گشت هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی ئەرێنی، کە ناوی عێراق لەم روداوە نێودەوڵەتییەدا بەرزبکاتەوە.
لەلای خۆیەوە، بەڕێز د.عەقیل مفتن،  رونکردنەوەیەکی سەبارەت بە دوایین ئامادەکارییەکانی وەرزشەوانانمان پێش بەشداریکردن لە پێشبڕکێکانی ئۆڵۆمپیاد پێشکەشکرد و هاوکات سوپاسی  پشتیوانی بەردەوامی بەڕێز سەرۆك کۆماری کرد بۆ وەرزشەوانان و سێکتەری وەرزشی.