پەکەکە بۆتە بەربەستی گەورە لەبەردام داگیرکاری سیاسی و سەربازی و ژینگەیی و کلتوریدا

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە پەکەکە تورکیا


Jul 18, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لەبارەی تۆمەتبارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بەو ڕوداوانەی کە لە باشوری کوردستان لە ماوەکانی ڕابردوودا  ڕویانداوە و هەروەها زانینی ئەو هێز و لایەنانەی کە سود لەو تۆمەتبارکردنانە دەبینن ، ڕۆژنامەنوس ئاراس ئیبراهیم، لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، ڕایگەیاند:"ساڵانێکی زۆرە پیلانێک دژ بە پەکەکە و هێڵی نەتەوەیی هەیە بە تایبەت ئەوانەی تەسلیمی خواست و داواکارییەکانی تورکیا و پارتی نابن، بۆ ئەوەی دەستەمۆ و ملکەچیانبن، ساڵانێکیشە پەکەکە لە هەر چوارپارچە کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاکی کورد دەکات و ستراتیژ و خوێندنەوەی بەردەوامی هەبووە بۆ هێڵی نەتەوەیی و بۆتە بەربەستی گەورە لەبەردام داگیرکاری سیاسی و سەربازی و ژینگەیی و کلتوریدا بۆیە ئێستا کە حکومەت لە ژێر کۆنتڕۆڵی پارتیدایە زۆر ئاساییە ئەم جۆرە سیناریۆ کۆمیدیانە، وە ئێستا بە جۆرێکیش گەل هۆشیار بۆتەوە هەر کە ڕوداوێکی گوماناوی ڕوو دەدات دەزانن  دووای چەند ڕۆژێک فلیمسازە نەشارەزاکانی دەزگای پاراستن حەڵقەیەکی نوێی فیلمێکیان بەدەستەویە و دەیخەنە ئەستۆی پەکەکە.

وتیشی:"پەکەکە هێزێکی تێکۆشەر و فیداییە لە پێناو گەلی کورد و تەواوی پێکهاتەکان تێکۆسان ئەکات و مێژوش شایەدی ئەو ڕاستیەیە و شەڕی داعشیش بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە پەکەکە چۆن پارێزگاری لە گەلی باشور و گەلی عێراقکرد وخودی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عیراقیش کە حەیدەر عەبادی بوو سوپاسی کردن کە پشتیوانی گەلی عێراقبون بۆیە نەک ئێستا بەڵکوهیچ کات پەکەکە بیری لە شتێکی ئاوا نەکردۆتەوە، ئەوە تەنها بۆ ناشیرین کردنی پەکەکەیە لە باشووری کوردستان و عێراقدا و بەم کارانەیان زیاتر خۆیان بچوکتر و بێزراوتر دەکەن لەناو تەواوی کوردستاندا. 

ئاراس ئیبراهیم، ڕونیکردەوە:"  ئەمە پیلانی نەیارانی کوردە و لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت بۆیە جگە لە زیان هیچ قازانجێکی تری نییە، دەبووا ئەو هێزە بە ناو دیموکرات و بەناو نەتەوەییانە لەباتی دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەت بەخشینەوە بۆ هێزە کوردییەکان پشتیوانیان بونایە بۆ پاراستنی خاک و نەتەوەکەمان ئەوەتا تورکیا تا بینە قاقای بنەماڵەی بارزانی هێزی هێناوە و خاکی داگیرکردووە، لەسەر ئەو خاکەی کە خودی بارزانی دەڵێت خەباتم بۆکردووە  بازگەی داناوەو ڕێگری لە هاوڵاتیان دەکات و داوای ناسنامەیان لێدەکات، ژینگەی ئەو ناوچانە وێران دەکات لە کاتێکدا تەنها گەریلاکانی ئازادی و پەکەکەن کە بەرگری دەکەن، بەڵام لەبەرامبەردا تورکیا چۆن پێناسەی کوردی بەشەرەف دەکات پارتی وبنەماڵەی بارزانیش بە هەمان شێوە کەواتە ئەوەی کە قازانج لەم فلیمانەدا دەکات تەنها و تەنها دوژمنان و داگیرکەرانن ئەگینا دواجار حەسەن خەیرییەکان مێژوو ڕەحمیان پێناکات.

ئاراس ئیبراهیم، ڕۆژنامەنوس ، ئاماژەی بەوەکرد:" پێویست ناکات پەکەکە ڕونکردنەوە بدات یان بیەوێت قەناعەت بەخەڵک بکات چونکە خەڵک خۆی هۆشیارەو ڕاستییەکان باش دەزانن، مەگەر یەکێک بێویژدانبێت ئەگینا گەریلایەک بە گەرما و بەسەرما بەرامبەر هەموو هێزی ناتۆ بەرخۆدان دەکات بە چەکێک کە ئیرادیە، بەرگری دەکات لە تەواوی خاکی کوردستان، گەل لە کوێ پێویستیبێت گەریلا لەوێیە، بەوە دەگینە ئەو ڕاستییەی کە گەریلا لە دڵی هەموو کوردێکی بەشەرەفدایە کە تۆزقاڵێک خەمی خاک و نیشتیمانەکەی دەخوات، وە بۆتە چقڵی چاوی ئەو دوژمنەی کە هەموو کوردێک وەک پەکەکە سەیردەکات، پەکەکە بۆتە چەقۆی سەرملی ئەو هێز و بنەماڵانەی کە لە پێناو مانەوەی خۆیاندا تەسلیمی داگیرکەربون و لەناو هێڵی خیانەتدا لافی کوردایەتی بە گەلەکەیان دەفرۆشنەوە.