پارتی و تورکیا هەوڵدەدەن لە عێراقدا پەکەکە بە هێزێکی تیرۆرستی بناسێنن

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە پارتی پەکەکە


Jul 19, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، بەرهەم لەتیف، ڕۆژنامەنوس ڕایگەیاند:" پارتی لە دوای ساڵی  2015  بەگشتی و تێکچونی پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و ئەو شەڕەی کە تورکیا دەستی داوەتێ تائێستا و پارتی دیموکراتی کوردستانیش  بووە بە بەشێک لەو شەڕە کە تورکیا لە باشوری کوردستان دژ بە پەکەکە دەستی پێکردووە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە پارتی ئەو شەڕەی دەیکات تائێستا شەڕی پەکەکە و پارتییە واتا نەبووە بەشەڕی هەرێم و پەکەکە یاخود لانی کەم نەبووە بە شەڕی یەکێتی و پارتی و پەکەکە، وەک چۆن لە ئۆپراسیۆنی ساندویج لە ساڵی 1991 بەهاوبەشی دژ بە پەکەکە بە هاوکاری تورکیا، ئەنجامیاندا، بۆیە هەر ڕووداوێک لە باشور ڕودەدات پاتی دەیخاتە ئەستۆی پەکەوە بۆ ئەوەی شەرعیەت وەرگرێت لەوەی کە بەشێکە لەشەڕی تورکیا دژ بە پەکەکە، چونکە تاوەکوئێستا ئەم شەرعیەتەی نییە‌ و وەکو خیانەتکار ناسێنراوە و ڕووبەڕووی تانە بووەتەوە و لەناو لایەنەکانی دیکەوە پشتگیری ناکرێت، بۆیە پارتی دەیەوێت ڕەوایەتی بەدەستبێنێ.

وتیشی:"  لەپاڵ ئەمەشدا پارتی و تورکیا، هەوڵدەدەن، لە عێراقدا پەکەکە، بە هێزێکی تیرۆرستی بناسێنن و بینیمان لە ڕابردودا عێراق، پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی قەدەغە لە هەرێمدا دەستنیشان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراقیش هیچ بەڵگەیەکی لەبەردەستدانییە بۆئەوەی بیسەلمێنێ کە پەکەکە، ڕێکخستنێکی تیرۆرستییە بۆیە دەیانەوێت لەڕێگەی دروسکردنی ئەم جۆرە سینارۆیانەوە، پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بناسێن و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا شەرعێتی تەواوەتی بە شەڕو هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باشوور بەدەست بێنن

بەرهەم لەتیف، ڕونیشیکردەوە:" پەکەکە نەک کێشە بۆ باشوری کوردستان دروست ناکات، بەڵکو هەمیشە لایەنێک بووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی باشوری کوردستاندا، تەنانەت لە کاتی هێرشی داعش بۆ کوردستان، پەکەکە بەدرێژای ئەو سنورانە لە شەنگالەوە هەتاوەکو خانەقین، هێزێکی سەرەکی بوو لە سەنگەرەکاندا، بینیمان پەکەکە چی بەرگرییەکی دەکرد لە یەزیدیەکانی شەنگال، تەنانەت لەم دۆخە سەختەدا  پەکەکە داوای یەکڕیزی دەکات لە لایەنەکان بۆ ئەوەی کێشەکان بەشێوەیەکی یەکڕیزی چارەسەربکرێن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین لەهەرێم ئەوەی بوەتە هۆی قوڵبونەوەی کێشەکان پارتییە، کە نایەوێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا ڕێکبکەوێت  هەنگاوێک بۆ یەکڕیزی بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵکو بە پێچەوانەوە پارتی کار لە سەر فراوانکردنی قوڵبونەوەی کێشەکان دەکات، بۆنمونە لە کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتیدا لە ساڵی 2021  پەکەکە پەیامی چارەسەرکردنی کێشەکانی بڵاوکردەوە و داوای چارەسەرکردنی دەکردن و بەهەمان شێوە لە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتیش هەر داوای چارەسەرکردنی کردووە.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە ئەگەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی پەکەکە دەکرێن، ڕاستبن یاخود هەڵبەستراوبن کێ قزانج دەکات؟

بەرهەم لەتیف، ڕۆژنامەنوس، ئاشکرای کرد:" بەبڕوای من وک چۆن کاتی خۆی ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارە دەیانوت پەکەکە،ڕێگری دەکات لە هاتنی خواردن لە خاڵی سنوری "ئیبراهیم خەلیلەوە" بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوکاتەش خەڵک دوچاری برسێتی بوو بەوجۆرە هانی خەڵکیان دەدا کە دژی پەکەکە بن ئێستاش پارتی هەمان ڕێچکەی گرتۆتەبەر بۆئەوەی ئەمە بکات بە ئامزازێک بۆ ڕەوایەتیدان بە شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە، لێرەدا هەر شەڕێک لەنێوان پەکەکە و هێزە کوردیەکاندا ڕوبدات جگە لە کورد کەس زیانی پێناگات و تەنها دوژمنانی کورد قازانج دەکەن، چونکە کوردستان لەئێستادا بە دۆخێکی ناهەمواردا تێدەپەڕێت بۆیە ئەم هەلومەرجە وادەکات لایەنە کوردیەکان لە بری ئەوەی دوربکەونەوە لەیەک دەبێت زیاتر لەیەک نزیک ببنەوە وەک ئەوەی لە ساڵی 1999 ەوە کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، ئیشی لەسەردەکات کە ئەو دەسپێشخەریەش بەڕێز ئۆجەلان، کردویەتی.

بەرهەم لەتیف، ڕۆژنامەنوس، لەوەڵامی ئەوپرسیارەی کە ئایە پەکەکە، چی ڕێگەچارەیەکی لەبەردەمدایە بۆئەوەی بیسەلمێنێ کە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەکرێن دورن لە ڕاستیەوە، ڕایگەیاند:" پەکەکە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمیەکانی خۆیەوە  هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردۆتەوە و لەپاڵ ئەوەشدا زۆرینەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی پەکەکە دەکرێت هیچ بەڵگەیەکی تێدانییە کە قەناعەتکەربێت، بەتایبەت لە پرسی سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک، کە هیچ بەڵگەیەک نەبوە تەنها وتەی تۆمەتبار خۆیەتی، کە دیارە چۆن و بەچی ڕێگایەک ئەو وتانەش لە تۆمەتبارەکان وەردەگیرێت، لەپرسی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی 22 پارتی لەگەرمیان جارێکی دیکە پارتی دەستی تۆمەتی بۆ پەکەکە، درێژکرد، لەکاتێکدا ئەنجومەنی ئاسایش خۆیان ڕایانگەیاند، کە هێشتا لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان نەهاتووە، ئیدی چۆن دەکرێت لایەنێک نەک تۆمەتباربکەیت، بەڵکو تاوانباری بکەیت و لەسەروی بڕیاری دادوەریشەوە یەکلای بکەیتەوە کە کێ تاوەنبارە، لەبەر ئەوە ئەمانە

دەیسەلمێنێ کە ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی پەکەکە دەکرێت هیچ بنەمایەکیان نییە و واتا هەر تۆمەتبارکردنەکە دەیسەلمێنێ کە پەکەکە تاوەنبارنییە و دەستی لەم ڕوداوانەدا نییە، بۆیە خەڵکیش لەوە تێگەیشتوون و خەڵک متمانە بەو تۆمەتانە ناکات و خەڵک دەزانێ هەرچی ڕوبدات پارتی دەیخاتە ئەستۆی پەکەکە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی هەبێت و بیسەلمێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک تێگەیشتووە کە پەکەکە بزوتنەوەیەکی ئەخلاقی ژینگەپارێزی دیموکراتی خواز و ئازادی خوازە و ئەو جۆرە کردەوانەی کە پارتی، پەکەکەی پێ تۆمەتباردەکات دورە لە ئەخلاقیاتی سیاسی و ئیدارەدانی پەکەکەوە