حەلبوسی سێ مەرجی قورس لەبارەی دانانی سەرۆکێک بۆ پەرلەمان دەسەپێنێت

(0) / / عێراق / ڕوانگە حەلبوسی پەرلەمان عێراق


Jul 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆکى پارتى تەقەدومی عێراقی،بەرامبەر چارەسەرکردنى قەیرانى دانانی سەرۆکی پەرلەمان سێ مەرجی قورس دادەنێت ، ئەوەش لەکاتێکدایە  نزیکەى حەوت مانگە پرسی سەرۆکی پەرلەمان بێ چارەسەر ماوەتەوە.

سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامەى شەرقولئەوسەتى وتوە، محەمەد حەلبوسی و سەرکردەکانى سوننە، شەوى چوارشەممە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەى هەماهەنگیدا کۆبوونەتەوە لەسەر پرسی چارەسەرکردنى سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق.

چوارچێوەى هەماهەنگی خۆیان دوورخستووەتەوە لە دەرکردنى ڕاگەیەنراوێک لەسەر کۆبوونەوەکەوەى نێوانیان، بەڵام بەپێی هەواڵەکەی شەرقولئەوسەت، حەلبوسی سێ مەرجی قورسی بەرامبەر پرسی دانانی سەرۆکێک بۆ پەرلەمان سەپاندووە.

بەگوێرەى ئەو سەرچاوەی کە قسەی بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت کردووە، مەرجی یەکەمی حەلبوسی ئەوەیە لایەنى ناڕازی سوننە سێ کەس بۆ پۆستەکە دیاریبکەن و حەلبوسی خۆی یەکێکیان وەک کاندید دیاریبکات، هاوکات لەگەڵیدا پۆستى وەزارەتی بازرگانى وەربگرێت.

مەرجی دووەم حەلبوسی، خۆی سێ کەس لە پارتەکەى دیاریبکات و لایەنى ناڕازیی سوننەکان خۆیان یەکێکیان وەک کاندید دیاریبکەن و لەگەڵیشیدا دەستبەرداری پۆستى وەزارەتى بازرگانى ببن.

مەرجی سێیەم بەرێککەوتن سێ لە بەتەمەنترین سوننەکان دیاریبکەن و یەکێکیان بکەنە کاندیدی وەرگرتنى پۆستى سەرۆکایەتى پەرلەمان.