ئەمەریکا بۆ تێکشاندنی درۆنەکانی تورکیا، درۆنی بۆمبڕێژکراوی داوەتە هەسەدە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە هەسەدە تورکیا ڕۆژئاوا کودستان پەکەکە ئەمریکا


Jul 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - ڕۆژنامەی یەنی شەفەق کە سەر بە ئاک پارتیی دەسەڵاتداری تورکیایە ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە ئەمەریکا بەردەوامە لە ڕەوانەکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە تورکیا بە جۆرێک باسی لێوە دەکات گوایە باڵی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.

ڕۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە بەپێی گوتەی ئەو ئەندامانەی هەسەدە کە خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کردووەتەوە، ئەمەریکا لە ڕووی سەربازییەوە هاوکاری هەسەدە دەکات و بە سەدان بارهەڵگر هاوکاری سەربازی بۆ هەسەدە ڕەوانە کردووە. 

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ئەمەریکا بە مەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا، مەشق و ڕاهێنانی بە شەڕڤانان کردووە لەسەر هەلیکۆپتەرە جەنگییەکان و هەلیکۆپتەرەکانی جۆری  Sikorsky و  Cougar و بە ئەرکی نۆژەنکردنەوەی ئەو جۆرە هەلیکۆپتەرانەیش هەڵدەستێت.

لە لایەکی دیکەیشەوە درۆنی بۆمبڕێژکراوی دیکەی بە هەسەدە داوە کە دەتوانێت چەندین مەتر بەرز ببێتەوە.

ڕۆژنامەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە ئەو شەڕڤانانەی خۆیان ڕادەست کردووە دانیان بەوەدا ناوە ئەو جۆرە درۆنە بۆمبڕێژکراوانەی ئەمەریکا پێشی خستوون بۆ ئەوەی درۆنەکانی تورکیا بە ئامانج بگرن، ڕادەستی شەڕڤانان کراون. 

لە ڕێگای بەرزبوونەوەی ئەم جۆرە درۆنە بۆمبڕێژکراوانە هەوڵ دەدرێت لە ئاسمان درۆنەکانی تورکیا تێکبشکێندرێن.

ئاماژە بەوەیش دراوە کە گوایە ئەوانەی خۆیان ڕادەست کردووەتەوە دانیان بەوە داناوە ئەمەریکا بۆ بینینی درۆنەکانی تورکیا درۆنی دەستنیشانکردنی داوەتە هەسەدە.

یەنی شەفەق بانگەشەی ئەوەی کردووە ئەو شەڕڤانانەی خۆیان ڕادەست کردووەتەوە دانیان بەوە داناوە لە بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لە حەسەکە مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە لە سەر ئامێرە تەکنیکییەکان لەلایەن سەربازانی ئەمەریکاوە. 

ڕۆژنامەکە نوسیویەتی: "درۆنەکان لە بەشی خوارەوەیانەوە بۆمب ئاراستە دەکەن و گوللەهاوەن و بۆمبی دەستییان لێ جێگیر دەکرێت و دوای بۆمبڕێژکردنیان درۆنەکان ڕادەستی شەڕڤانان دەکرێن".

هەر بەگوێرەی ڕۆژنامە تورکییەکە، ئەوانەی خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کردووەتەوە سەرنجیشیان خستووەتە سەر ئەوەی لە کەمپێکدا لەلایەن فەڕەنسا و ئەمەریکاوە مەشق و ڕاهێنانیان پێ کراوە. 

ئەو هەواڵە لە کاتێکدا دێت چەند ڕۆژێک لەمەوبەر میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئەمەریکا بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی دەپارێزێت.