قوباد تاڵەبانی لە سەر سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ بەغدا چەند زانیارییەکی ئاشکرا کردووە

(0) / / كوردستان / قوباد تاڵەبانی


Jun 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە سەردانە بەردەوامەکانی بۆ بەغدا بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی بنەڕەتییە بۆ کێشە کەڵەکەبووەکان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق.

قوباد تاڵەبانی بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە کە بەغدا بە قووڵایی ستراتیژی هەرێم دادەنرێت و سەردانەکانیش بە مەبەستی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی نیشتمانی هاوبەش بۆ کێشە و گرفتەکانی نێوان هەر دوو لایە.

ناوبراو وتی کە لە سەردانەکاندا بەردەوام ئەوە دوو پات کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دەمێنێتەوە و بە ئامانجی جێگیرکردنی بودجە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەش کۆبوونەوە کراوە.

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داعشیش ڕایگەیاندووە کە هەرێم پاڵپشتی لە هەوڵەکانی بەغدا دەکات بۆ تێکشکانی داعش و ئامادەیە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و سوود وەرگرتن لە مەشق و ڕاهێنان و هەروەها پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان بە تایبەت لە هێڵی تەماسی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق./.