عێراق و هەرێم رێککەوتنێکى نوێ بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانی نەوت واژۆ دەکەن
(0) /
ڕوانگە - وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بە مەبەستى زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە كەركوك لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی ڕێككەوتنییان واژۆ كردووە. بەپێی ڕێككەوتنەكەش، هەڵكەندنی بیرى نەوت قووڵتر دەكرێتەوە.
حەیان عەبدول غەنی وەزیری نەوتی عێراق بۆ میدیا عێراقییەکانى ئاشکراکردووە، ئامانجی رێککەوتن و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی بەریتانیا (BP) بۆ پەرەپێدان و زیادكردنی چوار كێڵگەى نەوت و غازە لە پارێزگای كەركوك، کە بریتین لە بای حەسەن، كێڵگەی جەمبور، كێڵگەی خەبازن و ئاڤانا، كە تا ئێستا توانای بەرهەمهێنانیان سنووردارە.
دەشڵێت، زۆربەی ئەو گرێبەستانەی پێشتر واژۆ كرابوون ئامانجیان زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بووە بەبێ ئەوەی وەبەرهێنان لە غازدا بكرێت، هەر بۆیە ئەم بابەتە لە یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و لە كاتی ئەو دانوستانانەی كە لەگەڵ كۆمپانیای بی پی ئەنجامدرابوو باسكراوە، هەروەها لە یاداشتەكەدا كارەكانی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر لەبەرچاو گیراوە.
بەوتەى وەزیری نەوتی عێراق بەرهەمهێنانی نەوت لە پارێزگای كەركوك لە نێوان 300 بۆ 350 هەزار بەرمیلدایە لە ڕۆژێكدا، بەڵام دەیانەوێت ئەو بڕە زیاد بکەن.
لە 25ـی ئاداری 2023 بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، بەپێی یاسای بودجەی عێراق؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.
رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای نزیکەی 17 مانگ هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.
تێبينيێك بنێرە: