شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون لە پاراستنی خەڵکی سڤیل لە شنگال دەبێت دادگایی بکرێن
(0) /
ڕوانگە - بەئامادەبون و چاودێری خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و بەهاریکاری دەزگای میدیایی کوردسات، یەکەمین دیداری زانستی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە زانکۆی سلێمانی و لەژێر دروشمی "وانە مێژوویەکان و هیوایەك بۆ ئایندە" بەڕێوەچوو.
لەدیدارەکەدا، هەریەك لە بەڕێزان د.عەلی شوکری سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و شارەزایانی سەرۆکایەتی کۆمار و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لەلێپرسراوان و پسپۆڕان و کەسوکاری شەهیدان ئامادەیبون.
لەمیانی وتەیەکیدا، خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەو نەهامەتیانەی بەسەر ئێزدییەکان هات لە شنگال و دەوروبەری بە کۆمەڵکوژی و کارەساتێك وەسفکرد، کە لەناخەوە ئازاری دڵی هەمووانی دا و ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند بەجیاوازی رەگەز و ئایین و ئایینزاوە. ئاماژەشی بەوەکرد، ئەو تاوانە قێزەونانە لەچوارچێوەی زنجیرە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی دا دێت، کە هێزە تاریكپەرستەکان لەدژی عاشقانی ئاشتی و ژیان بەکاریدەهێنن.
خانمی یەکەم رونیکردەوە، چەندین پرسیاری گرنگ هەن، کە پێویستە ناوەندە ئەکادیمی و سیاسی و رۆشنبیرییەکان بەدوایدا بگەڕێن، ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ هێشتا جینۆسایدی ئێزدییەکان نەبوەتە ئەو کارتەی رێگری لە دوبارەبونەوەی خۆی و هاوشێوەکانی بکات، بەڵکو دەبێت ئەو کەسانەش دادگایی بکرێن، کە ئەرکیان بوو پارێزگاری لە خەڵکی سڤیلی شنگال بکەن، بەڵام نەیانکرد.
خانمی یەکەم دوپاتیکردەوە، ئەنجامدانی ئەم دیدارە زانستییە لە زانکۆی سلێمانی و هەر راسپاردە و دیدگا و گفتوگۆ و تێگەیشتنێکی ورد بێتەئاراوە، پێویستە بکرێتە رێگەچارەی دروست و راسپاردەی زانستی بۆ کۆمەڵگە، تا یارمەتیدەربێت لەساڕێژبونی برینە کۆمەڵایەتی و خێزانی و تەندروستییەکانی قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکان.
تێبينيێك بنێرە: