دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی “دژی مەرجەکانی فرەژنیی لە هەرێم” ڕەتکردەوە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە عێراق هەرێم سکاڵا فرەژنی


Aug 12, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵایەکی ڕەتکردەوە، کە لەلایەن سێ پارێزەرەوە بۆ نەهێشتنی مەرجەکانی فرەژنیی لە هەرێم، تۆمار کرابوو.

ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی عێراق لە یەکەم دانیشتن لەبارەی سکاڵایەکەوە، کە لەلایەن هەریەک لە پارێزەران ئاسۆ هاشم، موحسین هەرتەلی و سەردار شێخانی، دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆماریان کردبوو، ڕەتکردەوە.

لە سکاڵاکەدا داواکرابوو دادگا بڕیاربدات بە نادەستووری بوونی ماددەی یەک لە یاسای ژمارە ١٥ـی ساڵی ٢٠٠٨، کە هەموواری یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ـی عێڕاقە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دادگای فیدڕاڵی لە یەکەم دانیشتندا، سکاڵاکەی ڕەتکردەوە.

لە مادەی یەکی یاسای ژمارە ١٥ـی ساڵی ٢٠٠٨، کە هەموواری یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ـی عێڕاقە لە هەرێمی کوردستاندا هاتووە:-

یەکەم: کارکردن بەبڕگە (١) لە ماددەی (سێیەم) لە یاسای ژمارە (١٨٨)ـی ساڵی ١٩٥٩ـی ھەموارکراو، لە ھەرێمی کوردستان ـ عێراق ڕادەگیرێ و ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:

١- ھاوسەرگیریی گرێبەندێکی ئارەزوومەندانەیە لە نێوان ژن و پیاودا کە بە ھۆیەوە ھەریەک بۆ ئەوەکەی دی بە پێی شەرع حەڵاڵ دەبێ و مەبەست لێی پێکھێنانی خێزانە لە سەر بنچینەی خۆشەویستی و بەزەیی و بەر پرسیاریێتی ھاوبەش بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە.

دووەم: کارکردن بە بڕگەکانی ـ(٧،٦،٥،٤)ی ڕادەگیرێ و ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:

نابێ ھاوسەرگیریی لەگەڵ ژنێک پتر بکرێت مەگەر بە ڕێگەپێدانی دادوەرنەبێت.

ده‌بێ رێگه‌دانیش ئه‌م مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ی تێدابێت:

أ- له‌به‌رده‌م دادگا ره‌زامه‌ندیی هاوسه‌ری یه‌كه‌م له‌ سه‌ر ژنهێنانی دووه‌می مێرده‌كه‌ی وه‌ربگیرێ.

ب- تووشبوونی ژنه‌كه‌ به‌ نه‌خۆشییه‌كی درێژخایه‌نی سه‌لمێنراو كه‌ ڕێگه‌ له‌ كاری سه‌رجێی ژن و مێردایه‌تی بگرێ و ئومێدی چاكبوونه‌وه‌ی نه‌بێ، یاخود نه‌زۆك بێ. كه‌ به‌ راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تی پزیشكی سه‌لمێنرابێ.

ج- ئه‌و پیاوه‌ی ژنی دووه‌م دێنێ توانای دارایی وای هه‌بێت، كه‌ به‌شی به‌ڕێوه‌بردنی پتر له‌ ژنێک بكات و ئه‌مه‌ش ده‌بێ به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمی بسه‌لمێنێ و له‌ كاتی رێكاری گرێبه‌ندی هاوسه‌رگیریه‌كه‌دا پێشكه‌ش به‌ دادگای بكات.

د- ده‌بێ مێرده‌كه‌ له‌ به‌رده‌م دادگا به‌ڵێنامه‌یه‌ك به‌ نووسین به‌ر له‌ گرێبه‌ندیی هاوسه‌رگیریی پێشكه‌ش بكات به‌ به‌دیهێنانی دادوپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له‌ نێوانی هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ چوونه‌ سه‌رجێی هاوسه‌ری و په‌یوه‌ندییه‌كانی دیكه‌ی هاوسه‌رگیریی له‌ڕووی (ماددی و مه‌عنه‌وی)یه‌وه‌.

ه- نابێ ژنه‌كه‌ ئه‌و مه‌رجه‌ی له‌ گرێبه‌ندی هاوسه‌رگیریی دانابێ، كه‌ هه‌وێی به‌سه‌ر نه‌یه‌ت.

و- هه‌ر كه‌سێكی گرێبه‌ندی هاوسه‌رگیریی بۆ زیاتر له‌ ژنێک به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ریه‌ک له‌ بڕگه‌كانی (أ،ب،ج،د،ه) له‌ (دووه‌م)ی ئه‌م مادده‌یه‌ كرد، به‌حه‌پس كردن بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ شه‌ش مانگ كه‌متر و له‌ ساڵێكیش زیاتر نه‌بێ و به‌ غه‌رامه‌یه‌كی ١٠ ملیۆن دیناریش سزا ده‌درێ.

ز- نابێ دادوه‌ر جێبه‌جێ كردنی ئه‌و سزایانه‌ی كه‌ له‌ بڕگه‌ی (و) دا هاتوون ڕابگرێ.