سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ رێکخراوەکانی بواری ئەنفال کۆبووەوە
(0) /
ڕوانگە - ئەمڕۆ (١٤ی ئابی ٢٠٢٤) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەگەڵ رێکخراوەکانی بواری ئەنفال کۆبووەوە، سەبارەت دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال و چەند پرسێکی تایبەت بە خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ئەوەی خستەڕوو، خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان ئەرکێکی پیرۆزە و ئیدارەی گەرمیان هەمیشە پاڵپشتی لە داخوازیەکانی رێکخراوەکانی بواری ئەنفال و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان کردووە.
دواتر باسی لەوەشکرد لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە پرسی ئەنفال، ئیدارەی گەرمیان بڕایاریداوە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بە بڕی یەک ملیار دینار مۆنۆمێنتێک کە مۆزەخانە و هۆڵ و پێداویستیەکان لەخۆبگرێت لە مەزاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنە دروست بکرێت. ئەوەش پاش گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان. هاوکات ئەوەشی ووت، ئیدارەی گەرمیان لە رێگەی بەڕێز خانمی یەکەمی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لە هەوڵدایە بۆ هێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی خواروی عێراق.
لای خۆشیانەوە، سەرۆک و نوێنەرانی رێکخراوەکانی بواری ئەنفال وێڕای ئەوەی دروستکردنی مۆنۆمێنت و هێنانەوەی روفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوانیان بەگرنگ وەسفکرد، سەرنج و پێشنیار و داواکاری خۆیان تایبەت بە پرسی ئەنفال خستەڕوو کەخۆی دەبینیەوە لە دۆزینەوە و هێنانەوەی روفاتی پیرۆزی ئەنفالکراوان لەگەڵ ناسینەوەیان بێت بەپێی پشکنینی (DNA) لەگەڵ تەواوکردنی رێکارەکانی تاپۆکردنی ئەو زەویانەی دراوە بە کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیان سیاسی و راگیراوانی ئەنفال، لەگەڵ زیاتر گرنگیدان بە پرسی ئەنفال لە رووی هونەری و دۆکیۆمێنتکردن و ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال بە جیهانی دەرەوە.
تێبينيێك بنێرە: