کارەکانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ بەردەوامە

(0) / ڕوانگە گۆپتەپە چەمچەماڵ


Aug 15, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ قائیمقامی چەمچەماڵ دڵنییایی دەدات بە دانیشتوانی سنورەکە کە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپەــ چەمچەماڵ،  بەردەوامە و شوێنی کەمپەکە و خەزانەکان ئامادەکراوە لە گۆپتەپە و قشڵاخ و تەکیە، سەرچاوەی ئاو پاککراوەتەوە و ئەمڕۆش پشکنینی خاک بۆ شوێنی خەزانەکان دەکرێت.

ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، ڕایگەیاند:"
قائیمقامی چەمچەماڵ لەگەڵ گوندنیشنیەکان و خاوەنی زەوییەکان کۆبوونەتەوە و هەموان لەبەر بەرژەوەندی گشتی زەوییەکانیان بەخشیوە بە پرۆژەکە و ڕێگری و کەموووڕییەکان چارەسەرکراوە و پرۆژەکە کەوتووەتە سەر ڕاستەڕێگای کارکردن .

ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، ئەوەشی خستۆتەڕوو:"بودجەی پرۆژەکە کراوە بە دینار و تەمویلی ئەمساڵیش بۆ پرۆژەکە زیادکراوە بۆ ٥٤  ملیار دینار ئەمەش مایەی دڵخۆشیە و پێداگری حکومەتی هەرێم نیشاندەدات بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە لەکاتی خۆیدا کە دوو ساڵە.

ئەندازیار شێروان جەمال بەڕێوەبەری ئاوی دەروبەری سلێمانی ڕایگەیاندووە:"بەوپێیەی ئەمە پرۆژەیەکی ستراتیژی گەورەیە بۆیە فەرمانگەیەکی ئەندازیاری سەرپەرشتیاری نیشتەجێی بۆ دەمەزراوە کە سەر بە وەزارەتی شارەوانیە و لەژێرچاودێری ئاوی دەوروبەردایە بۆ چاودێری پرۆژەکە کە هەموو پسپۆریە ئەندازیارییەکانی تێدایە .