دەزگای میدیایی ڕوانگە بەدواداچوون بۆ کێشە زەوییە سندوقیەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان دەکات

(0) / / ڕاپۆرت / ڕوانگە کوردستان گەرمیان


Aug 15, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ لە ئێستادا لە سنوری شارەوانییەکانی گەرمیان، ژمارەیەک زەوی بونیان هەیە کە بەزەوی سندوقی ناسراون و وێنەی تۆماری سەربەخۆیان نییە و خاوەندارێتییان یەکلای نەکراوەتەوە و وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت:" کێشەی ئەو زەویانە بە یاسا لە ساڵی 2019 وە یەکلای کراونەتەوە.

کوردۆ عومەر، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێم، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" ئەو زەویانە ساڵی 2019 لە پەڕلەمان یاسایان بۆ دەرچووە و گرفتی ئەو زەویانە چارەسەرکراون

وتیشی:" هێشتا لە هەندێک شوێن ئەو گرفتانە چارەسەر نەکراون دیارە گرفتی ئیدارییان هەبووە، بەڵام بەپێی یاسا گرفتی ئەوزەویانە چارەسەرکراوە.

کوردۆ عومەر، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێم، ڕونیشیکردەوە:" لە ئێستادا گرفتی ئەو زەویانە پەیوەندی بە وەزارەتەوە نییە و دەبێت خودی سەرۆکی شارەوانی ئەو شارانە خۆیان گرفتی ئەو زەویانە چارەسەربکەن.

لای خۆشیەوە، بەرزان مەحمود، سەرۆکی شارەواییەکانی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:"لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان و بەدیاریکراوی لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا کێشەگەلێکی زۆرهەیە کەئەوانیش کێشەی ئەو زەویانەن کە بەزەوی سندوقی ناودەبرێن، کە وێنەی تۆماری سەربەخۆیان نییە و وێنەی تۆماریان بەناوی شارەوانییەوەیە و خەڵک خۆی بەخاوەنی دەزانێت.

وتیشی:" گرفتێکی زۆرمان هەیە لە سنوری شارەوانییەکانی  پێباز، سەرقەڵا، گردەگۆزینە، ساڵەح ئاغا،  و لە هەندێک لە گەڕەکەکانی کەلاری کۆن، کە سەربە شارەوانی کەلارە، چاوەڕێی دابەزینی دەسەڵات دەکەین لە وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار کە بگاتە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکان، بۆئەوەی کاری جدی لەسەر ئەو پرسەبکەین.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە چارەسەری ئەو زەویانە چۆن دەکرێت کە لە ڕابردوودا دراون بەهاوڵاتیان و ئێستا بە بیانویەک لێیان وەرگیراوەتەوە بەهۆی ئەوەی بە ناویانەوە نەکراوە؟

بەرزان مەحمود، سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان، ئاشکرایشی کرد:" هەر زەوییەک فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەبێت ئەوا مامەڵەی لەسەردەکرێت و هەر کێشەیەیەکی لەوجۆرەش هەبێت هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی گەرمیان بکەن بۆئەوەی کێشەکانیان بەپێی ڕێنمایەکان بۆ چارەسەربکرێت.