‏سەرۆك کۆمار داوای پاراستنی تایبەتمەندیی کەرکوك دەکات وەك نمونەی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە

(0) / / عێراق / ڕوانکە عێراق کوردستان کەرکوک


Aug 15, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید داوای پاراستنی تایبەتمەندیی کەرکوك دەکات وەك عێراقێکی بچوککراوە و نمونەی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

ئەم پەیامەی بەڕێز سەرۆك کۆمار لە میانی پێشوازیی لە بەڕێز محەمەد ئیبراهیم حافز سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك هات.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-8-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار پیرۆزبایی لە محەمەد ئیبراهیم حافز کرد بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی کەرکوك و هیوای خواست ئەنجومەنەکە لە ئاست چاوەڕوانییە باشەکان و متمانەی رۆڵەکانی پارێزگاکەدا بێت.

هەروەها سەرۆك کۆمار جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان ئەنجومەن و ئیدارەی پارێزگاکە کردەوە لەپێناو باشتر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ پارێزگاکە و بەدەنگەوەچونی خواستەکانی رۆڵەکانی بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانییەوە.

لای خۆیەوە بەڕێز محەمەد ئیبراهیم حافز بەدواداچونی سەرۆك کۆماری بۆ پارێزگای کەرکوک بەرزنرخاند و جەختیکردەوە، ئەنجومەنەکەیان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەوڵ دەدات بۆ زیاتر چەسپاندنی سەقامگیریی کەرکوك، هەروەها رۆڵی چاودێریی خۆی دەبینێت تا کاریگەریی ئیجابی لە سەرجەم بوارەکاندا هەبێت.