بەرپرسێکی ڕووسیا هۆشداری دەدات لە شەڕێکی جیهانی سەرتاسەری

(0) / / ئاسیا / ڕوانگە ڕووسیا شەڕ ئۆکراین


Aug 16, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ ئاژانسی هەواڵی ڕووسیا لە زاری پەرلەمانتارێکی ڕووسیا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، دەستدرێژی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا کە لەلایەن ڕۆژئاواوە پاڵپشتی دەکرێت، جیهان دەخاتە لێواری جەنگێکی جیهانی سەرتاسەری.

هێزەکانی ئۆکرانیا لە ٦ی ئابدا هێرشیان کردە سەر سنوورەکان بۆ ناوچەی کورسکی ڕووسیا و لەو کاتەوە پێشڕەوییەکی بەرچاویان کردووە و مۆسکۆ ناچار بووە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە ماڵەکانیان چۆڵ بکات.

ئاژانسی ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە زاری پەرلەمانتار، میخائیل شێرەمێتەوە ڕایگەیاندووە: بە لەبەرچاوگرتنی بوونی ئامێرە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ بەکارهێنانی تەقەمەنی و مووشەکی ڕۆژئاوا لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی، هەروەها بەڵگەی سەرسەختی بەشداریکردنی بیانییەکان لە هێرشەکەدا لەسەر خاکی ڕووسیا، دەتوانرێت بڵێین کە جیهان لە لێواری جەنگی جیهانی سێیەمدایە.

شێرەمێت، ئەندامی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی ڕوسیا، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی ناتۆ گڵۆپی سەوزیان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ئێران هەڵکردووە، ئەو تۆمەتە لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە.

هەروەها نیکۆلای پاتروشێڤ، یاریدەدەری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئیزڤێستیا"، ڕۆژئاوای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت هێرشەکەوەن.

پاتروشێڤ ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە ناتۆ و دەزگای هەواڵگری ڕۆژئاوا بەشدارن لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنی کورسک، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو.

ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی دەڵێن، ڕووسیا پشتیوانی لە هەوڵە جەنگییەکانی لە چین، ئێران و کۆریای باکوور وەردەگرێت.

پێشتریش ڕۆژی هەینی، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بەڵێنەکەی بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕووسیا پشتڕاستکردەوە، هەروەها متمانەی خۆی دەربڕی کە مۆسکۆ لە "جەنگی پیرۆزی ئاشتی و دادپەروەری"دا سەردەکەوێت.