ڕووسیا هەلی کار بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت

(0) / / ئاسیا / ڕوانگە ڕووسیا ئۆکراین شەڕ


Aug 17, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ هێرشی ئۆکرانیا گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی بیانییە لە ناو خاکی ڕووسیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ڕووسیا دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی ڕیکلام بۆ شوێنی بەتاڵی کار بۆ خەندەق هەڵکەنەکان لە ناوچەی کورسک، کە لەژێر هێرشێکی بەرفراوانی ئۆکرانیادایە کە بە گەورەترین دەستدرێژی بۆ سەر خاکی ڕووسیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە وەسف دەکرێت.

بەپێی ئەوەی لە ڕیکلامەکاندا هاتووە، دەسەڵاتدارانی ڕووسیا پێشنیاریان کردووە کە مووچەیەک لە نێوان ١٦٠٠ بۆ ٤٠٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی بۆ ئەو کرێکارانە دابین بکەن کە دەیانەوێت قەڵا هەڵکەنن لە ناوچەی سنووری.

لە لایەکی دیکەوە، بزنس ئینسایدەر لە زاری شارەزایانەوە ڕایگەیاندووە، ڕووسیا هەوڵدەدات ڕێگری لە هێرشی ئۆکرانیا بکات بە جێگیرکردنی هێزی زیادە و دروستکردنی قەڵا و هەڵکەندنی خەندەق.

پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە جەنگ، کە ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمریکییە، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، وێنەکانی مانگی دەستکرد دەریدەخەن کە ڕووسیا خەریکی هەڵکەندنی قەڵاکانە، لەنێویاندا خەندەق و بەرگری دژە زرێپۆش، کە نزیکەی ١٦ کیلۆمەتر لە پێگەکانی ئۆکرانیا لە کورسک دوورە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێدەچێت هێزەکانی ڕووسیا زۆر نیگەرانن لە ڕێگا سەرەکییەکان و پێدەچێت هەوڵبدەن بە شێوەیەکی چالاکانە هێڵەکانی پەیوەندییە زەمینییە گرنگەکان بپارێزن بۆ ڕێگریکردن لە دەستدرێژی ئۆکرانیا".

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، کیێڤ لە نۆیەمین ڕۆژی هێرشە بێ وێنەیەکەی لە ناو خاکی ڕووسیادا، پێشکەوتنی نوێیان لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا بەدەستهێنا.

لە ٦ی ئابدا، هێزەکانی ئۆکرانیا هێرشیان کردە سەر ئەم ناوچە سنوورییە و لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەرەکی لە ناو خاکی ڕووسیا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، دەیان شارۆچکەیان کۆنترۆڵکرد.

ئۆلێکساندر سێرسکی فەرماندەی سوپای ئۆکرانیا، ڕۆژی پێنجشەممە، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ڕایگەیاند: "بە گشتی هێزەکانمان لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەی کورسکەوە تا قووڵایی 35 کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێستا سوپای ئۆکرانیا 1150 کیلۆمەتر چوارگۆشەی کۆنترۆڵکردووە.

لای خۆیەوە زێلێنسکی ڕایگەیاند کە هێزەکانی شاری سۆدجای ڕووسیایان بە تەواوی “ئازاد” کردووە کە نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە و ژمارەی دانیشتووانی ٥٥٠٠ کەسە، ئەمەش گەورەترین سەرکەوتنە بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا لە سەرەتای هێرشەکەیانەوە.

هێرشەکە پاڵنەرێکی نوێی بە سوپای ئۆکرانیا بەخشی لە کاتێکدا سوپای ئۆکرانیا لە ناوچەی دۆنێتسک (ڕۆژهەڵات) لە بەرامبەر هێزە گەورەتر و باشتر چەکدارەکانی ڕووسیا پاشەکشەی دەکرد، هەروەها دوای شکستی هێرشی دژە هێرشەکەی لە هاوینی ٢٠٢٣دا.