ژمارەیەک بەنداو لە هەرێمی کوردستان تەواوکراون و ژمارەیەکی دیکەش دروست دەکرێن

(0) / / كوردستان / ڕوانگە بەنداو


Aug 20, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک بەندا و تەواوکراون و حکومەت بەنیازە ژمارەیەکی دیکەش دروست بکات، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت:" لە هەرێمی کوردستان،  چەندین بەنداوی دیکەش هەن کە دەمانەوێت دیزاینەکەیان تەواو بکەین و دەست بەکارکردن بکەین تیایاندا

ڕەحمان خانی،بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، تائێستا شەش بەنداو تەواوکراوە و پلانیش هەیە لەمساڵدا چوار بەنداوی دیکە تەواوبکرێت.

لەبارەی کارکردن بۆ تەواوبونی بەنداوی باوەنور لەسنوری ئیدارەی گەرمیان، ڕەحمان خانی،بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان،ڕونیکردەوە:" ئێمە نوسراوی پێویستمان کردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و داوای بودجەمان کردووە،

وتیشی:" بەنداوی باوەنور بەنداوێکی گەورەیە و لەسەر زێیەکی گەورەیە و بودجەی زۆری پێویستە تاوەکو تەواوببێت و ناکرێت ئێستا 10 ملیاری بۆ تەرخانبکرێت و پاشان کارکردن تیایدا ڕابگیرێت، دواتر ئەو 10 ملیارە بەهەدەربچێت، لەبەرئەوەی پرۆژەیەکی گەورەیە پێویستی بە بودجەیەکی باش هەیە کە ساڵانە لەئەنجومەنی وەزیران بۆی تەرخانبکرێت بۆئەوەی بەیەکجاری تەواوببێت.

ڕەحمان خانی،بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئاشکرایشیکرد:" لە ئێستادا چوار بەنداوی گەورەی دیکەی ستراتیژی هەیە کە دەمانەوێت دروستیان بکەین و بۆئەوەش بەبەردەوام لەگەڵ لایەنی عێراقیدا لە گفتوگۆداین بۆئەوەی جێبەجێی بکەین، هەروەها لە هەرێمی کوردستان، بەنداوی دیکەش هەن کە دەمانەوێت دیزاینەکەیان تەواو بکەین و دەست بەکارکردن بکەین تیایاندا.