وەزارەتی دارایی لەبارەی مووچەوە ڕاگەیەندراوێكی فەرمی بڵاوکردەوە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە دارایی کوردستان مووچە


Aug 21, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە ڕاگەیاندراوێكی فەرمی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان چەندین زانیاری ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاودەکەنەوە کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە زیادبونی تەمویلی مووچە و ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرە". 


 
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە: 
 
ڕونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی / ژمێرکارییەوە.
 
ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستی پێکردووە و دەیانەوێت هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو ڕێگایەوە چەندین زانیاری ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە زیادبونی تەمویلی مووچەو ژمارەی فەرمانبەرو مووچەخۆرەو هتد….. ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ ڕای گشتی دەخەینە ڕوو.
 
١- سەبارەت بە دووبارە بونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغداد، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە بەڵام لە حکومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە، پێویست بوو لەکاتی بوونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردولاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بونی مووچەو هاوکاری لەیەک کاتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دوبارە بونەوە هەبێت راستتر وابوو هاوکاریەکە ڕابگیرێت نەک مووچە لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە، وە ئەبوایە هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لە ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچون و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایەو چۆنیەتی سزاو بڕەکەیان دیاری بکردایە، کەڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.
 
٢- سەبارەت بە کێشەی نەبونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز لەوانە بونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن و هتد….. ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت مووچەخۆر نییە، لەجیاتی ئیعتیماد لەسەر بایۆمەتری کە حکومەتی هەرێم بەفەرمی وتویەتی تەواو نەبووە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی ئیعتیمادی لەسەر کارتی نیشتیمانی بکردایە کەهەموو هاوڵاتی و مووچەخۆرێک بەسەربازی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا.
 
٣- بەشێکی تر لەو ناوە دوبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، وەهیچ یاسا شکێنیەکی تیا نییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت ، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردون.
 
٤- سەبارەت بە کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستانە ئەوەش کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە بەردەوامە تاکو ئێستا وەکوو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغداد درێژەی هەیەو پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتی هەیە واتە ڕێکەوتنی سیاسی.
 
٥- سەبارەت بە زیاد بوونى تەمویلی مووچەى نێوان مانگى (٦و ٧)ـ ٢٠٢٤ ، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووەو بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووەو بڕی (٥٤،٢٠٨،٠٠٠،٠٠٠) پەنجاو چوار ملیارو دووسەدو هەشت ملیۆن دینار زیادبووە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی ، تەمویلی داواکراو نزیکەی ٩٥٦،٨٧٦،٠٠٠،٠٠٠ نۆ سەدو پەنجاو شەش ملیارو هەشت سەدو حەفتاو ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کەنزیک و هاوشێوەی تەمویلی پێنج مانگی ڕابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە.
 
لە کۆتایدا پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی ١٩٩٢ وە دابڕانێکی دورو درێژی لەبواری سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تا دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ تایبەت بەمووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.
 
لەدوای ئەو بڕیارەوە هەردولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ئیجرائاتە ئیداری و دارایی و یاسایی و ژمێریاریەکان یەک بخەن، کەئەمەش کارێکی ئاڵۆزو پڕ گرفتە.
 
ئێمە لەساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامیشین ، ئومێدەوارین تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.
وە داواکارین لەوەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەر کردنی ڕێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەریانەی تائێستا چارەسەر نەکراوە، نەک ئیجرائاتی (تعسف) ی بەرامبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات.