لە کەلار داوای گۆڕینی شوێنی زەویی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کەلار زەوی فەرمانبەران مامۆستایان


Aug 21, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - لە کەلار داوادەکرێت شوێنی ئەو زەویانەی  کە دیاریکراوە بۆ ئەوەی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەراندا دەبەشدەکرێت بگۆڕێت بە شوێنێکی گونجاوتر.

پاش ئەوەی لەماوەکانی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، بڕیاریدا  زەوی بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران و هێزەئەمنییەکاندا دابەشبکات، لە ئێستادا هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە لەسەرجەم شارەوانییەکان دەستی پێکردووە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێبکات و لە سنوری شارەوانی کەلاریش بەهەمانشێوەی شارەوانییەکانی دیکە کارەکان دەستی پێکردووە و مامۆستایەکی ناڕازیش لەکەلار، ڕایدەگەیەنێت:" ئەو شوێنەی  کە لە کەلار، دیاریکراوە زۆر دوورە لەسەنتەری شارەوە و داوامان ئاراستەی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، کردووە کە شوێنی زەوییەکان بگۆڕن بۆ دەروازەی شار، چونکە ناکرێت دوای ئەوهەمووساڵە لەچاوەڕوانیە ئێستا زەوییەک بدرێت بە فەرمانبەران کە هیچ سودێکی نەبێت.


سەردار ستار، مامۆستای ناڕازی لە کەلار، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" سەبارەت بەدابەشکردنی زەوی بەسەر پێشمەرگەو کارمەندانی هێزە ئەمینیەکان و مامۆستایان و فەرمانبەراندا لە قەزای کەلار سەردانی شارەوانی کەلار و کشت و کاڵی گەرمیانمان کرد لە ئێستادا ئەو بابەتە چەند قۆناغێک چوەتە پێش و ڕێکارەکانی بڕیوە بە گوێرەی ئامارەکان نزیکەی بیست هەزار کەس لە کەلار سوودمەند دەبێت لە بڕیاری وەرگرتنی زەوی  .

وتیشی:" بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان و شارەوانی قەزای کەلار  شوێنێکیان دیاری کردوە و دیزاین کراوە بۆ ئەوەی دەس بە دابەش کردنی بکرێت بەڵام شوێنەکە لە سەنتەری شاری کەلارەوە دوورە بە زوویی خزمەت گوزاری پێناگات و سوودی نابێت، بۆیە ئێمە داوای ئەوەمان کردووە کە گۆڕانکاری لە شوێنەکە بکرێت شوێنێکی نزیکتر و گونجاو تر دیاری بکرێت لای خۆیانەوە شارەوانی و کشت و کاڵ بەڵێنی ئەوەیان دا بەدوادا چوونی زیاتر بکەن و هەوڵ دەدەن شوێنێکی باشتر دیاری بکەن .

سەردار ستار، مامۆستای ناڕازی لە گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد:" داوامان لە هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە ئەمینیەکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینانە پشیوانمان بن بۆ ئەوەی شوێنێکی شایستە و گونجاو دیاری بکرێت بۆ دابەش بکردن .