کاروان کەلاری: پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنێک بکات کە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، تیایدا سەنگی مەحەک بێت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە پارتی یەکێتی کاروان کەلاری


Aug 28, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ پەیامنێری دەزگایی میدیایی ڕوانگە، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان و ئامادەکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمان،  کاروان کەلاری، ئەندامی بەشی  ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی 22 ی گەرمیانی  پارتی دیموکراتی کوردستان و کادیری پێشکەوتووی ئەو حیزبە  ڕایگەیاند:"  پارتی هەرلەسەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندا بووە بۆئەوەش لەپەڕلەمان پرۆژەی هەبووە و داوای لە یەکێتی و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان کردووە کە پێکەوە کاربکەن بۆ چالاککردنەوەی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، بۆئەوەی کۆمیسۆن، ئیدارەی هەڵبژاردنەکان بدات، بەڵام  بەداخەوە یەکێتی، بەوە ڕازیی نەبوو، بۆئەوەی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، سەرپەرشی هەڵبژاردنەکان نەکات لەکاتێکدا پارتی لەناو کۆمیسۆندا کەمینەیە."

وتیشی:" دوای چەندینجار لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان و خۆدورخستنەوەی یەکێتی لەهەڵبژاردن، دواجار لەڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە بڕیار لەسەر ئەوەدرا کە لەڕووی تەکنیکی و هەمیش لەڕووی قەزائییەوە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، بکات، کە ئەوەش لەبەرژەوەندی یەکێتی ییە."

کاروان کەلاری، ڕونیشیکردەوە:" نیگەرانیەکانی پارتی لەڕابردوودا لەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوەبوو کە نەیدەویست بچێتە هەڵبژاردنێکەوە کەپێشوەختە کورسییەکان یەکلای کرابێتەوە، بۆیە پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنێک بکات کە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، سەنگی مەحەک بێت و هەڵبژاردنێک بێت کە هەرێمی کوردستان، ئیدارەی بدات، ئەگینا سەرۆکی هەرێم کە لە پشکی پارتییە، چوار جار خۆی مەرسومی دەرکردووە بۆئەوەی کە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."

لەبارەی ئەو قسانەی کەدەکرێت لەسەر ناکۆکییەکانی نێو ماڵی پارتی و بەتایبەت کەباس لە ناکۆکی لەنێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەکرێت و کاریگەری ئەو ناکۆکیانە لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ پارتی، کاروان کەلاری ئاشکرایکرد:" بەهیچ شێوەیەک ناکۆکی و باڵباڵێن لەنێو پارتیدا بوونی نییە و بەپێی تازەترین ڕاگەێندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی، هەموو ئەوقسانەی کەدەکرێت لەبارەی هەبوونی ناکۆکی لەناو پارتیدا، ئەوە تەنها قسەی میدیاکانی یەکێتی و ئەو نوسەر و کەسانەن کە دژی پارتین، ئەگینا هەموو پارتی لەژێر یەک چەتر و یەک بڕیار و لەژێر فەرمانی یەک مەرجەع کە ئەویش مەسعود بارزانییە، هەموومان کاردەکەین و لە هەڵبژاردنە ناوخۆیەکانی پارتیشدا ئاساییە کە ململانێ و تەنانەت ناکۆکیش هەبێت، چونکە هەموو هێزێک کاردەکات بۆئەوەی خەڵکی تازە بێنێتە پێش و وە سود لە تەجروبەی پێشوش وەردەگرێت و ئەوەی لەڕابردوودا ڕوویداوە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەناکۆکیی ناوخۆییەوە نییەو مەسرور بارزانی و نێجیرەڤان بارزانی، بەهیج جۆرێک دەستێوەردانیان نەکردووە لە هەڵبژاردنە ناوخۆیەکاندا. 

لەبارەی پرسی کەمکردنەوەی  کورسی کۆتاکان، کە بەشێک لە خەڵک و هێزەسیاسییەکان پێیان وایە، کەمبونەوەی زیان بە پارتی دەگەیەنێت، کاروان کەلاری، ڕونییکردووە:" پارتی یەکێک لەوشانازیانەی  کە هەمیشە لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیدا شانازی پێوەکردووە ئەو تابلۆ ڕەنگاوڕەنگانەبووە کە لەهەرێمی کوردستاندا هەبووە، هەرێمی کوردستان جیا لە کورد، نەتەوەی دیکەی تێدایە وە جیا لە ئیسلام ئاینی دیکەی تێدایە، بۆیە پارتی لە بەرمەنای بڕوابوون بە مافی ئەو پێکهاتانە پێیوابووە پێویستە ئەوانیش نوێنەریان هەبێت، وە پارتی لە هەڵژاردنی ڕابردوودا  بەبێ ئەو 11 کورسییەی کۆتاکان، 45 کورسی هەبوو، وە هەمیشە ئەو کۆتانە لەبەرژەوەندی پارتی بڕیاریان نەداوە، بەڵام پارتی بڕوای بەوەهەیە کە بەهەموو شێوەیەک دەست بەوجیاوازیانەوە بگرێت و وە شەڕی پارتی تەنها بۆئەوە بووە کە ئەمانە نوێنەریان هەبێت لە پەڕلەماندا، وە هەموو ئەولایەنانەی کە دەیانویست کۆتاکان کورسیان نەبێت لەپەڕلەماندا، بابەتێکی نادەستوری بوو وە پێشێلکردنی مافی ئەو پێکهاتانەبوو، چونکە ئەوان لە پەڕلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی دیکە نوێنەریان هەیە بۆچی نوێنەریان لە پەڕلەمانی کوردستان نەبێت؟ وە یەکێک لەو ستایشانەی کە بەردەوام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەختیان لێکردۆتەوە و ستایشی هەرێمیان کردووە دەستگرتن بووە بەو تابلۆ ڕەنگاوڕەنگە و بە فەراهامکردنی مافی پێکهاتەکان کە بەداخەوە یەکێتی لەم پرسەدا دژایەتی مافی ئەو پێکهاتانەی دەکرد."