دواکەوتنی مووچە بووە بەهۆکارێک بۆ پوکانەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

(0) / / ڕاپۆرت / ڕوانگە مووچە بازاڕەکانی هەرێم ئابووری بەغدا هەرێم نەوزاد حەمید


Aug 31, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - قەیرانی دارایی و دواکەووتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، گرفتی نەک تەنها بۆ مووچەخۆران دروستکردووە، بەڵکو ئاستەنگی گەورەی خستۆتەبەردەم کاری بازرگانی دەرەکی و هێنانی کاڵا و شتومەک و بووە بە هۆکاری نەمانی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و بازرگاناندا.

نەوزاد حەمید، بازرگان و خاوەنی کۆمپانیا، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" دواکەووتنی مووچە کاریگەریی گەورەی خراپی کردۆتە سەربازاڕ، بەجۆرێک ئەو متمانەیەی پێشوو کە لەنێوان کڕیار و بازرگاندا هەبوو خەریکە بەتەواوەتی لەناودەچێت.

وتیشی: ئێستا ناتوانین وەک ساڵانی ڕابردوو متمانە بەکڕیاربکەین بۆئەوەی بەشێوەی قەرز و قیست کاڵا و شتومەکیان پێبفرۆشین، چونکە تائێستاش ئێمە وەک بازرگانەکان، کاڵا و شتومەکەکان لە دەرەوە بە شێوەێ نەختینە لە بازرگانی دەرەکی دەکڕین و لە بەرامبەردا بەشێوەی قیست و قەرز دەیدەین بە کڕیاری ناوخۆی و کەچی ئێستا دواکەوتنی مووچە بووەبەهۆکارێک بۆئەوەی کە کڕیار لەکاتی خۆیدا نەتوانێت قەرز و قیستەکانی بداتەوە بۆیە ئەمەوایکردووە ئێمەش نەتوانین وەک پێویست ئاسانکاری بۆ کڕیارەکانمان بکەین.

نەوزاد حەمید، ڕونیشیکردەوە:" یەکێکی دیکە لەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی کڕیار و هاوڵاتیان بووەتەوە ئەوەیە کە ڕۆژلەدوای ڕۆژ پێداویستی و داواکاری هاوڵاتیان ڕوو لەزیادبون دەکات و لەبەرامبەردا داهات و مووچەی هاوڵاتی و فەرمانبەر وەک پێویست لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت بۆیە ئەمە گرفتی گەورەی بۆ بازاڕی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و بەرەو ئیفلیج بوون دەچێت.

لای خۆشیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر خالد حەیدەر، شارەزای بواری ئابووری و مامۆستای بەشی ئابووری لە زانکۆی سلێمانی، بۆ ڕوانگە، باسی لەوەکرد:" بەشێوەیەکی گشتی جۆرێک لە بازرگانیکردن ئەنجام دەدرێت ئەویش ئەوەیە کە بازرگانانی ناوخۆی بە دراوی نەختینەی  کاڵا و شتومەک لە بازرگانانی بیانی دەکڕن، بەڵام لەناوخۆدا  کاڵا وشتومەکەکانی دەدات بەقیست، کەچی پاش ماوەیەک دەبینێت بەهۆی ئەودۆخە خراپە داراییەی کەهەیە کڕیاران و مووچەخۆران بەتایبەتی  ناتوانن پابەندبن بە دانەوەی قیستەکانیان ئەمەش وادەکات، بازرگانەکان وازبهێنن لە سیستەمی فرۆشتن بەقیست.

وتیشی:" بەداخەوە ئەم گرفتە لە ساڵی 2014ەوە بووە بەبەربەست لە بەردەم بازرگانیکردندا و بووە بەهۆکارێک بۆئەوەی کە بازرگانی ناوخۆی نەتوانێت هاوردەی کاڵا و شتومەک بکات لەدەرەوە و ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر بازاڕەکان و بازاڕەکان دەپوکێنەوە.

لەبارەی هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و ڕزگارکردنی بازاڕەکان لە پوکانەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر خالد حەیدەر، شارەزای بواری ئابووری و مامۆستای بەشی ئابووری لە زانکۆی سلێمانی، ئاشکرایکرد:" شتێک هەیە لە ئابووریدا پێی دەوترێت خواستی کارا، بزوێنەری ئابوورییە، کە ئەمەش بریتییە لە حەز و ئارەزووی کڕیار بۆ کڕینی شتومەک لەگەڵ توانای کڕین کە ئەمەش بەستراوەتەوە بە پارەوە، کەئێستاش دەبینین لەکاتی خۆیدا پارەنادرێت ئەمەش وادەکات خواستەکە لاوازبێت، بۆئەوەی ئەم بابەتە پێچەوانە بێتەوە پێویست دەکات پارە بخرێتە بازاڕەکان و خەڵک پارەی پێبێت، بۆئەمەش  یەکەم هەنگاو دەبێت مووچە لەکاتی خۆیدا دابەش بکرێت و ئەو متمانەیە بگەڕێتەوە بۆ بازاڕ، هەروەها بۆ داهاتوو دەبێت  پشتبەستن بە پارەی نەوت کەم بکەینەوە و لەگەڵ ئەوەدا هەوڵبدرێت بۆ فراوانکردنی کەرتەکانی دیکەی وەک کشتوکاڵ و گەشت وگوزار ، دەبێت ئەم کەرتانە بەهێزببن بۆئەوەی داهاتی زیاتر پەیدابکەین کەمتر پشت بەداهاتی نەوت ببەستین، لەهەمانکاتدا هەوڵبدرێت لە کابینەی داهاتوودا قەبارەی حکومەت بچوکتر بکرێتەوە و لەبەرامبەردا هەوڵبدرێت قەبارەی کەرتی تایبەت گەورەتر بکرێت، بەو شێوازە دەتوانین لەماوەی مام ناوەند تاوەکو ماوەی درێژ بتوانین ئابووریەکەمان بەهێزتربکەین.