مامۆستایانی ناڕازی: لێناگەڕێین دەسەڵات هەر ئاوا گەمەی ناڕەوا بە ژیان و قووتی مووچەخۆران بکات

(0) / / كوردستان / ڕوانگە ناڕازی مامۆستایانی ناڕازی


Sep 01, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - لەبەیاننامەیەکدا ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ڕایگەیاند، ماوەی 10 ساڵە، جۆرەها میکانیزمی مەدەنیمان گرتەبەر، تا پێتان بڵێین و تێتان بگەیەنین، کە فەرموون با ئێمەی هاوزمان و هاونەتەوە و هاونیشتیمان پێکەوە بە دادپەروەرانە و ڕێزەوە بژین؛ سەدان پەیامی پڕ لە ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستی و کوردانەمان بۆ ناردن و دامان بە دڵ و گوێتاندا.
 
ئەنجومەنەکە، دەڵێت،  بەهۆی بێباکی و خەمساردیی ئێوەوە؛ ڕوومان لە بەغدادی پایتەخت کرد و خۆشبەختانە لە ئەنجامی هەوڵەکانماندا، بڕیاری مێژوویی دادگای فیدراڵیی بەدواداهات، کە تیایدا دەستەبەری مووچەکانی کردین و لە هەموو دزی و کێشمەکێشێکانتان دەریهێنا؛ بەڵام چونکە لەبەرژەوەندی خۆتان و بندیوارەکانتاندا نییە، ئێوە ئامادەنین بچنە ژێرباری جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە مێژووییەوە.
 
لەبەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە، هەر وەک ساڵی پار، مووچەی مانگەکانی 7و 8 نەدراوە و پلەبەرزکردنەوە بەنایاسایی ڕاگیراوە، هاوکات دەسەڵات پابەند نابێت بە تەوتینی مووچەوە. بۆیە پێمانوایە هەموو ئەو کەرەستانەی وایانکرد 155 ڕۆژ بڕیاری درێژترین و مەدەنیترین خەبات بدەین، هێشتا ماون و دەسەڵات بەدەم هیچ داوایەکمانەوە نەهاتووە، لەبەرئەوە هەموو ئەگەرێک لەبەردەمماندا کراوەیە بۆ وەستانەوە دژ بە سیاسەتی برسیکردن و شکۆشکاندنی مووچەخۆران. دڵنییاییشتان پێدەدەین چەندین ئەگەر و میکانیزمی نوێمان تاوتوێ کردووە بۆ فشارکردنی جدیی لە خستنەسەرهێڵی دەسەڵات بۆ داواکانمان.
 
هۆشداریش دەدەن، ئێمە لەم پشووی هاوینەدا سێجار سەردانی بەغدادمان کردووە و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ و سکاڵای کاریگەرمان تۆمارکردووە؛ بۆیە دڵنیابن لێناگەڕێین دەسەڵات هەر ئاوا گەمەی ناڕەوا بە ژیان و قووتی مووچەخۆران بکات