دڵپاک قادر: دەسەڵات هەوڵی ناشیرینکردنی سیاسەت و کاری پەڕلەمانی دەدات بۆ ئەوەی  خەڵک متمانەی بە پەڕلەمان و هەڵبژاردن نەبێت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە دڵپاک قادر کوردستان هاوپەیمانی نیشتیمانی هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان


Sep 03, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، دڵپاک قادر، بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، لەسەر لیستی سەربەخۆ، ڕایدەگەیەنێت: یەکێک  لە سیاسەتەکانی ئەم دووهێزە بۆ مانەوەی خۆیان ئەوەیە کە دێن سیاسەت و کاری پەڕلەمانی لە بەرچاو هاوڵاتیان ناشیرین دەکەن بۆئەوەی خەڵک متمانەی بە پەڕلەمان و هەڵبژاردن نەبێت و بەشداری لە دەنگداندا نەکات

دڵپاک قادر،  بەربژێری سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: گرنگە خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری کارایان هەبێت، چونکە هەردوو هێزی دەسەلاتدار لەهەرێمی کوردستان، لەڕێگەی دامەزراندن و بڕینەوەی مووچە و هەڕەشەکردن و ترساندنی هاوڵاتیان خەڵکانێکیان ناچار بەوەکردووە کە دەنگ بە بەربژێرەکانیان بدەن و دەنگی خۆیانیان مسۆگەرکردووە.

وتیشی: یەکێکی دیکە لە سیاسەتەکانی ئەم دووهێزە بۆ مانەوەی خۆیان ئەوەیە کە دێن سیاسەت و کاری پەڕلەمانی لە بەرچاو هاوڵاتیان ناشیرین دەکەن بۆئەوەی خەڵک متمانەی بە پەڕلەمان و هەڵبژاردن نەبێت و بەشداری لە دەنگداندا نەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە پەڕلەمان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویست دەکات  خەڵکانی بە هەڵێست و شارەزا و خاوەن متمانە بچێتە پەڕلەمانەوە، چونکە پەڕلەمان جێگەی یاسادانانە و پێویستی بە کەسانی شارەزا و لێهاتووهەیە.

دڵپاک قادر ڕونیشیکردەوە: بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا گرنگە هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان  لەبەرامبەر هەردوو هێزی دەسەڵاتداردا یەکگرتووبن و ئەگەر بکرێت بەیەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، کە ئەمە پاڵنەرێکی بەهێزە بۆئەوەی خەڵک بەگوڕوتینێکی زیاترەوە ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان بکات. بەڵام بەداخەوە دەسەڵات دەستی خستۆتە ناو هێزە ئۆپۆزیسۆنەکان و ئەوانیشی پەرتەوازە کردووە و بۆ مەرامی خۆی بەشێک لەو هێزانە بەکاردەهێنێت.

لە بارەی لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پێیان وایە ئەوان بەتەنها خاوەنی هەولێرن و  بەهیچ جۆرێک ئامادەنین هەولێر ڕادەستی هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی بکەن. دڵپاک قادر، بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، ئاشکرایکرد: دەبێت چاوەڕێی دەرئەنجامی هەڵبژاردن بین، دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێماندەڵێت کە کێ حکومڕانی هەولێر و دەزگایەکی گرنگی وەک پەڕلەمان دەکات.

دڵپاک قادر، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر دەرئەنجامی هەڵژاردن لە بەرژەوەندی پارتی نەبێت ئەوا ناتوانێت ڕێگری لە هەرهێزێک بکات کە براوەی هەڵبژاردنەکانە، مەگەر پارتی  بەزەبری هێز دەرگای پەڕلەمان بەڕووی پەڕلەمانتاراندا دابخات.