دیاری سەرۆك کۆمار پێشکەش بە کتێبخانەی زانکۆی بەسڕە دەکرێت

(0) / / عێراق / ڕوانگە عێراق بەسڕە


Sep 10, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە چوارچێوەی پشتیوانیی بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال

رەشید بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن لە عێراقدا، د.جەمال عەبدولزەهرە محەمەداوی راوێژکاری سەرۆك کۆمار و نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەنجومەنی نوێنەران، سەردانی زانکۆی بەسڕەی کرد و کۆمەڵێك کتێبی پێشکەش بە کتێبخانەی زانکۆکە کرد.

د.محەمەداوی لەگەڵ پرۆفیسۆر د.موهەنەد ئەسەدی سەرۆکی زانکۆی بەسڕە کۆبووەوە و ئەو کتێبانەی پێشکەشکرد، کە لەلایەن بەڕێز سەرۆك کۆمارەوە بە دیاری بەخشراون بە زانکۆکە وەك پەرۆشییەکی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پاڵپشتیکردنی دامەزراوە ئەکادیمییەکان و پێشخستنی کتێبخانەی زانکۆکان بە سەرچاوەی پڕبەهای زانستی.
د.محەمەداوی جەختی لەوە کردەوە، ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی بایەخدانی بەڕێز سەرۆك کۆمارە بە پەرەپێدانی پرۆسەی خوێندن و توێژینەوەی زانستی و پشتیوانیکردنی رۆشنبیری و مەعریفە لەنێو خوێندکاران و توێژەرانی زانکۆی بەسڕەدا.

لە بەرامبەردا پرۆفیسۆر د.موهەنەد ئەسەدی سەرۆکی زانکۆی بەسڕە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆك کۆمار دەربڕی بۆ ئەو دیارییە بەنرخە و پەرۆشییان لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی و زانستی لە زانکۆکە و پاڵپشتیکردنیان بۆ دابینکردنی خوێندنی نایاب و هەنگاونانی هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنە زانستییە جیهانییەکان.