بافڵ تاڵەبانی: ئێران لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و هاوخەباتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بوون

(0) / / كوردستان / ڕوانگە بافڵ تاڵەبانی پزیشکیان


Sep 12, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - لە ڕاگەێنراوێکدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕایگەیاند: سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بۆ سلێمانی درێژکراوەی پەیوەندییە قووڵ و لەمێژینەکەی نێوان ئێمە و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سەرۆک مام جەلال ئەندازیار و بناغەدانەری بووە.

بافڵ تاڵەبانی، ڕونیشیکردەوە: لەدیدارەکەمان لەگەڵ بەڕێز پزیشکیان جەختمان لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست و دووپاتمانکردەوە، رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران.

دەقی ڕاگەێنراوەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازیمان لە بەڕێز مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.

سەردانە مێژووییەکەی بەڕێز پزیشکیان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ عیراق، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم سەردانە درێژکراوەی پەیوەندییە قووڵ و لەمێژینەکەی نێوان ئێمە و گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سەرۆک مام جەلال ئەندازیار و بناغەدانەری بووە.

لەدیدارەکەمان لەگەڵ بەڕێز پزیشکیان جەختمان لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بەرامبەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت گەلی ئێرانی دۆست و دووپاتمانکردەوە، رێگەنادەین و نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە جێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر سەروەرییەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو ئەوەی ئامانجمانە و هەنگاوی بۆ دەنێین فراوانترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکەمانە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا.

لەدرێژەی دیدارەکەدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرکردایەتیی و گەلی ئێران کرد کە لە سەرجەم قۆناغە سەختەکاندا هاوکار و پشتیوانی خەڵكی كوردستان بوون، هەروەها لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعشدا، رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان گێڕا و هاوخەباتی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بوون. ئاماژەشمان بەوەکرد، ئێمە هاوکاری و برایەتیی دۆستەکانمان لەیادناکەین و درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە دەبین کە سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد و ئامانجەکەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و هاوبەشەکان بوو.

لەبەرامبەردا بەڕێز پزیشكیان ستایشی رۆڵ و پێگەی كاریگەری سەرۆك مام جەلالی كرد لە بونیادنانی عیراقی نوێ و داڕشتنەوەی سیاسەتێكی حەكیمانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و ئاماژەیان بەوەكرد، ئێمە رێز لەو پەیوەندییە مێژووییە دەگرین و هیوادارین گەشەی زیاتری پێبدەین، لەبەرامبەر هەوڵ و هەنگاوە نیشتمانییەكانیشتاندا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق و هەرێمی كوردستان، هاوكار و پشتیوانتان دەبین.

.