یادی مەولود دەرفەتێکی گرنگە بۆ پێداچونەوە بە ڕەفتار و گوفتارماندا

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە مەولوود ئەبوبەکری سدیق


Sep 15, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، مامۆستا مەلا سەردار سەعید، پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق، لە کەلار، ڕایدەگەیەنێت:" ئێمە دەبێت یادی مەولودی پێغەمبەر د.خ، بکەین بە دەرفەتێک بۆ پێدا چونەوە بە ڕەفتار و گوفتار و مامەڵە و هەڵسوکەتماندا لەگەڵ خۆمان و چواردەورەکەماندا. دەشڵێت: نابێت ئەم یادەمان تەنها بۆپیا هەڵدان و شیرینی خواردن بێت.

مامۆستا مەلا سەردار سەعید، پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق، لە کەلار، ڕایگەیاند:  لە مانگی ڕەبیع  و الاول دا، هەموو ساڵێک لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەوە بەهەموو شێوازێک یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر د.خ، دەکرێتەوە، بەڵام جێگەی خۆیەتی ئێمە وەکو مسوڵمان  ئەم یادە بکەین بەپێداچونەوەیەک بە ژیانی پێغەمبەر د.خ، هەڵسوکەوتی ، ئادابی ، ڕەوشتی ، چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ خانەودە و خێزان و منداڵ و دراوسێ و تەنانەت لەگەڵ مسوڵمانان و غەیرە مسوڵمانیشدا. نەک تەنها ئەم یادەمان بۆ دروشم و بانگەشە و کۆکردنەوەی خەڵکی بێت و تەنها ئامانجمان شیرینی خواردن بێت، بەڵکو دەبێت ڕەفتار و گوفتارەکانی ئەم پێشەوا مەزنە لە خۆماندا جێبەجێ بکەین و ڕەنگدانەوەی هەبێت.

وتیشی:" سوپاس بۆ خودا میللەتی کورد تاڕادەیەک ئەم یادەی وەک پێویست کردۆتەوە و پێداچونەوەیەکیش بووە بەژیانی  پێغەمەردا د.خ، 

مامۆستا مەلا سەردار سەعید، ڕونیشیکردەوە:" ئەگەر ئەم یادە  تەنها دروشم و پیاهەڵدان و کۆکردنەوەی خەڵکبێت بۆ شیرینی خواردن و نان خواردن ئەوا یادنییە، یادکردنەوەی  پێغەمبەر د.خ، بەوشێوەیە دەبێت کە خودا دەفەرموێت ئەی محمد، (ص) تۆ لەسەر ئەخلاق و ڕەوشت و مامەڵکردنێکی جوانی، پێی نەفەرمووە تۆ عیبادەتت زۆرە، کەواتە دەبێت ئەم یادەمان بۆ ئەوەبێت کە وەک پێغەمبەر د.خ، ئێمە ڕەوشت و مامەڵمانی تێدا باشبکەین و دەبێت ئێمەش وەک ئەو چۆن ڕەحمەت بوو بۆ هەموو جیهانیان ئاوا ئێمەش دەبێت بەڕەحم بین بۆ چواردەورمان.

مامۆستا مەلا سەردار سەعید،پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئەبوبەکری سدیق، لە کەلار ئاماژەی بەوەشکرد:" دەبێت سەرکردە و پێشەوا و گەورەکانی ئێمەش وەک پێغەمبەر د.خ، بن، لە هەڵسوکەوت و مامەڵەکردندا، ئێمە یادی ئەم پێشەوا مەزنە دەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە لە هەڵسوکەوت و مامەڵە و بازاڕ و گفتوگۆکانمان و تەنانەت خیتاب و وتارەکانیشمان وەک وتار و خیتابی پێغەمبەر د.خ، نییە، بۆیە گرنگە ئەم یادە بکەین بە دەرفەتێک بۆ پێداچونەوە بە ژیان و هەڵسوکەوت و مامەڵەی خۆماندا، بۆ ئەوەی بتوانین  وەک پێغەمبەر د.خ، ڕەحمەت بین بۆ خۆمان و بۆ چواردەورمان ، خودا دەفەرموێت پێغمبەر د.خ، چاوساغێکی باشی ئێوەیە و هەمووتان چاوی لێبکەن، نەک تەنها کارمان پیاهەڵدان بێت.