پۆڵا تاڵەبانی: بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەمووارەی کوردستان پێویستیمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە پۆڵا تاڵەبانی کوردستان هەڵبژاردن


Sep 18, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بڕیاروایە مانگی 10 ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت هاوڵاتیانیش  بەگرنگییەوە لەم هەڵبژاردنە دەڕوانن و ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی یش ڕایدەگەیەنێت:  چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان  تەنها لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەبێت و بەجۆرێک دەبێت کە زۆرینەی خەڵک بەشداری لە دەنگداندا بکات بۆئەوەی بتوانین ئامانجەکانمان بەدی بێنین.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: هەڵبژاردن لە هەموکاتێکدا گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و هەموویان گرنگن، بەڵام هەموو قۆناغ و ئاستێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و ئێمەش لەم کاتەدا هەڵبژاردن بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە ئێستا ئەم هەموو قەیران و دۆخە ناهەمووارە ڕووی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و پێویستە خۆمان کۆکەینەوە و هەڵبژاردن بکەین و حکومەتێکی تۆکمە و بەهێز و کاریگەر و حکومەتێکی خزمەتگوزار دروست بکەیەن کە لە خزمەتی خەڵک و هاوڵاتیاندا بێت و حکومەتێک بێت بتوانێت چارەسەری کێشە و قەیرانەکان و گیروگرفتەکان بکات و هەروەها چارەسەر کێشەکانی نێوان هەرێم  و بەغدا بکات.

وتیشی: چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە تەنها لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەبێت و بەجۆرێک دەبێت کە زۆرینەی خەڵک بەشداری لە دەنگداندا بکات بۆئەوەی بتوانین ئامانجەکانمان بەدی بێنین.

پۆڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ئاماژەی بەوەشکرد: هەڵبژاردن بۆخۆی پرۆسەیەکی دیموکراسیە و تیایدا جارێکی دیکە خۆت نوێ دەکەیتەوە و حکومەتێکی هەڵبژێردراوی خاوەن پێگە و خاوەن پشتیوانی کە ئەوخەڵکەی کە دەنگی پێداوە دێتەکایەوە ئەو حکومەتەیش زیاتر بەهێزتردەبێت و بۆئەوەی باشتر بتوانێت داکۆکی لە مافەکانی خەڵک بکات و چارەسەری کێشە و قەیرانەکان بکات.