ڕێنمایەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار لە بارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان شارەوانی


2 كاتژمێر لەمەوپێش

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە بارەی دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەڕلەمانی کوردستان، کە بڕیارە مانگی 10ی ئەمساڵ دەست پێبکات و هەروەها بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا  بانگەشەی هێز و پارتە بەشداربووەکان و کاندیدەکان لەسەرجەم کوردستان دەستپێدەکات و هەربۆیە  وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک رێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:"، ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 23-9-2024، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
 ڕایگەیاند:" بە واژووی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە نووسراوی ژمارە 949 رێنمایی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی نێدراوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

لە پێناو پاراستنی شوێنی گشتی و راگرتنی پاكوخاوێنی و تێكنەدانی سیمای شارەكان، بە پێویستمان زانی ئەم ڕێنماییانە تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەربكەین كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی بن:

1- ڕێگە نادرێت وێنە و پۆستەری حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و ستوون و بەربەستە گشتییەكان بە بزمار و لەزگە و سیكۆتین هەڵبواسرێن.

2- ڕێگە نادرێت بە دانانی وێنە و پۆستەر لەسەر سەوزایی و دورگەی ناوەندی و ناو پاركە گشتییەكان بە هەر جۆرە كەرەستەیەك.

3- رێگە نادرێت بە بەكارهێنانی قوم، لم، چیمەنتۆ و بلۆك بۆ ڕاگرتنی تابلۆ و كەرەستەكانی تری بانگەشە.

4- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەرەكان لەسەر هێمای هاتوچۆ و تابلۆ ڕێنیشاندەرەكان یاخود هەڵواسین لە شوێنی سووڕانەوەكانی ئۆتۆمبێل كە ببێتە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ.
5- رێگە نادرێت شوێنەوار و شوێنە كولتوورییەكان بۆ هیچ جۆرە بانگەشەیەك و هەڵواسینێك بە هیچ جۆرە مادەیەك بەكار بهێنرێت.

6- رێگە نادرێت بە هەڵواسینی وێنە و پۆستەری كاندیدانی حزب و كاندیدانی لایەنە سیاسییەكان لەسەر دیوار و شوورای فەرمانگەكانی حكوومەت و شوێنە گشتییەكان وەك: مزگەوت، نەخۆشخانە، زانكۆ، قوتابخانە...هتد.

7- هەر شارەوانییەك بەپێی تایبەتمەندیی دەڤەری خۆی، سەرباری ئەم خاڵانە، دەتوانێت ڕێكاری تایبەت بە خۆی بۆ بەرژەوەندیی موڵكی گشتی و پاراستنی پاكوخاوێنیی شار دەربكات.

8- لە دوای تەواوبوونی بانگەشە، هەر بەربژێرێك بەرپرسیارە لە لێكردنەوەی وێنە و تابلۆكان و پاككردنەوەی شوێنەكە.

9- ئەگەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، ئەوە پۆستەر و بانگەشەكەی لەلایەن تیمەكانی شارەوانی لادەبرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.


لای خۆشییەوە، بەرزان کەریم، سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" ئەو ڕێنمایانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێم، گەیشتووەتە دەستمان و بە پێی ئەو ڕێنمایانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکەین.

سەرۆکی شارەوانییەکانی گەرمیان، وتیشی:" هەمان ڕێنمای وەزارەتی شارەوانی جێبەجێ دەکەین  و پارک و باخچەکان و شوێنەگشتییەکان نابێت بانگەشەیان تێدا بکرێت