کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل لە یەک هەفتەدا / لە ناوچەکە چی دەگوزەرێت؟

(0) / / فایلی تایبەت / هەولێر


Jul 02, 2021

قەبارەی فۆنت:

لە ڕۆژانی ڕابردوو میدیاکانی سەر بە گرووپەکانی خۆڕاگری لە عێراق بڵاویانکردەوە کە ناوەندێکی هەواڵگری ئیسرائیل لە شاری هەولێر کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە کە بە چەشنێک میدیاکانی هەرێمی کوردستان وەک جاری پێشوو خۆیانی لێ بە دوور دەگرن و ڕەنگە ئەمجارەش وەک ڕابردوو تەنیا بگاتە بڵاوکردنەوەی ڕوونکردنەوەیەکی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە سەر حاشاکردن لە نەبوونی ئەو ناوەندە و لێدوانی دژ بە میدیاکانی عێراق و ئێران، هەواڵی کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل بڵاو کرایەوە.

سەرەتا هەواڵی کوژرانی شارۆن ئەسمان فەرماندەی هێزەکانی ناحالی ئیسرائیل بڵاو کرایەوە. بە پێی چەند سەرچاوەیەک ناوبراو لە هێرشی سەر ئەو ناوەندە هەواڵگرییەی ئیسرائیل لە هەولێر کوژراوە. شارۆن فەرماندەی یەکێک لە ئامادەترین هێزەکانی ئیسرائیل بووە و پێشتر لە چەندین پرۆسەی هەواڵگری و سەربازیدا لە وڵاتانی دیکە بەشداری کردووە.

لە گەڵ ئەمەش هەواڵی کوژرانی جەیمس سی ڤیڵس فەرماندە لە هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی ئەلوەدیدی قەتەر بڵاو کرایەوە. جەیمس لەو کەسانە بووە کە ئێران بە تیمی بەشداربووان لە تیرۆری فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسداران ناویانی بردووە.

ئەمریکا، ئیسرائیل و حکومەتی هەرێمی کوردستان دانیان بە هێرشەکەی هەولێردا نەناوە و ڕەتیدەکەنەوە کە ئەو ناوەندە هەواڵگری و سەربازییە هەبێت و کرابێتە ئامانج، بە تایبەت حکومەتی هەرێم کە هەموو کات بە توندی بوونی وەها ناوەندێکی ڕەتکردووەتەوە. چەند سەرچاوەیەک بڵاویان کردەوە کە دوو فەرماندەی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل لەو هێرشەی هەولێر کوژراون. کەسی یەکەم کە باسکرا شارۆنی ئیسرائیلی بووە و کەسی دووەمیش ئێستا دەردەکەوێت کە جەیمسی ئەمریکی بووە.

لە کۆتایی شەوی 25 ی حوزەیرانی 2021. دوو هێرشی درۆن کرایە سەر چەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێر.

هێرشەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەولێرەوە و لە نزیک پیرمام کە شوێنی مانەوەی دیپلۆماتکاران و هەروەها پرۆژەی نوێی کۆنسووڵخانەی ئەمریکایە بووە و بە پێی هەندێک وێنە کە بڵاو بووەتەوە، زیانێکی بەو شوێنە گەیاندووە، هەندێک پارچەی درۆنەکانیش لەو شوێنی هێرشەکان دواتر لە میدیاکان بڵاو کرانەوە.

پێشتر لە عێراق بە ڕۆکێت یان لە ڕێگای چاندنی بۆمبی جادەیی هێرش دەکرایە سەر کاروانی هێزەکانی ئەمریکا بەڵام ئێستا هێرشەکان بۆ بەکارهێنانی درۆنەکان گۆڕاوە و چەند مانگێکە کە هێزێکی دیکەی بە گرووپەکانی نەیاری ئەمریکا داوە کە لە عێراق بە گرووپەکانی خۆڕاگری ناسراون، لە بەر ئەوەی کە بە وردی و بە توانای ڕووخاندنی زۆرەوە ئامانجەکانیان دەپێکن.

تا ئێستا 8 هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ڕێگای درۆنەوە تۆمار کراوە کە ئەمەش بۆ گرووپەکانی خۆڕاگری دەسکەوت و ئەنجامێکی گرنگ بووە.

لەم 8 هێرشەش 3 هێرشی لە پارێزگای هەولێر، 2 هێرش لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و 3 هێرشی دیکەش لە نزیک بەغدا بووە.

یەکەم جار لە 14 ی نیسانی 2021 بینایەکی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرایە ئامانج. ئەمریکییەکان ڕایانگەیاند کە هێرشەکە زیانی گیانیی نەبووە بەڵام ئەو وێنانە کە بڵاو کرانەوە، کارامەیی درۆنەکانیان بە تەواوی سەلماند کە چۆن ئامانجەکەی پێکاوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی 8 ی ئایاری 2021 بە درۆن هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا هێرشەکەیان پشتڕاست کردەوە.

سێ ڕۆژ پاش ئەمەش، لە 11 ی ئایاری 2021 بنکەی سەربازی – ئاسمانی هەریر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەولێر کرایە ئامانج و زیانی جیدیی گەیاندە ئەو بنکەیە، هەرچەندە ئەمریکییەکان زانیارییان لە سەر زیانەکان بڵاو نەکردەوە.

ڕۆژی 6 ی حوزەیرانی 2021 دوو فڕۆکەی درۆن هێرشیان کردەوە سەر بنکەی عەین ئەسەد.

لە شەوانی 10 و 13 و 22 ی حوزەیرانی 2021 هێرشی هاوشێوە کرایە سەر بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

هەشتەمین و دوایین هێرشەکانی لە ڕێگای درۆنەوە لە شەوی 25 ی حەزەیران بۆ سەر دوو بینا لە نزیک شاری هەولێر بووە کە یەکێک بۆ سەر پرۆژەی کۆنسووڵخانەی نوێی ئەمریکا و ئەوی دیکەی بینایەکی گوماناوی بووە کە پێدەچێت هەمان ناوەندی سەر بە ئیسرائیل بێت کە باس کراوە.

وەک چۆن ئاماژە درا تا ئێستا 8 هێرشی لەو شێوەیە کراوەتە سەر پێگەی هێزەکانی ئەمریکا و ئەوان دەڵێن کە 7 هێرشی پێشوو زیانی گیانیی بە دواوە نەبووە. ئەگەر ئەم پڕوپاگەندەی ئەمریکییەکان ڕاست و درووست بێت، شارەزایان و شرۆڤەکارانی سەر بە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەر ئەم خاڵە کۆکن کە ئەمریکا تەنیا وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە کە زیانی گیانی بەر هێزەکانی کەوتووە. لە 7 هێرشی ڕابردوو ئەمریکییەکان حاشایان لە زیانی گیانی هێزەکانیان کردووە و هیچ هێرشێکیش نەکراوەتە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی نەیاری ئەم وڵاتە لە عێراق یان سوریا.

سەبارەت بە هەشتەمین هێرش لە پارێزگای هەولێر دیسانەوە ئەمریکا پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد کە زیانی گیانیی بە دواوە نەبووە بەڵام تەنیا دوو ڕۆژ پاش هێرشەکە، هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە سەر فەرمانی ڕاستەوخۆی جۆبایدن هێرشی کردە سەر پێگەی هێزەکانی کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا لە ناوچەیەکی سنوریی نێوان عێراق و سوریا کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

ئەڵبەت لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر لە پاش هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا، گرووپەکانی خۆڕاگری لە تۆڵەی ئەوەدا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەم ڕووداوانە پیشان دەدات کە چیدی ئەمریکا و ئیسرائیل بە سەر ناوچەکەدا زاڵ نین و هاوکێشەی هێز هێندە گۆڕاوە کە بە ئاسانی و بە ساکارترین شێواز زیانیان پێدەگات. هەرچەندە کە زانیاری لە سەر زیانەکانیان بڵاو ناکەنەوە بەڵام هەر ئاشکرا دەبێت، ڕەنگە کوژرانی گوماناوی ئەو دوو فەرماندەی ئەمریکا و ئیسرائیل نموونەیەک لەم زانیارییانە بێت./.